ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی 11 گوندی حەویجە دەستیپێكرد
ژمارەیەك گوند لە دەستی داعش رزگاركراون و ھێزەكان پێشڕەویدان
K24 - كەركووك
ھێزەکانی سوپای عێراق لەبەرەبەیانی ئەمڕۆوە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی 11 گوندیان لە سنووری شارۆچکەی حەویجە دەستیپێکردووەو بە گوتەی ئەفسەرێکی سوپا تا ئێستا 4 گوند کۆنترۆڵکراوەنەتەوەو ھێزەکانیش بەردەوام لە پێشڕەویدان.
عەقید ھەیسم جبووری ئەفسەر لەفیرقەی 9 سوپای عێراق بە كوردستان24 گوت: "ھێزەکانی سوپای عێراق بەھاوکارو پاڵپشتی فڕۆکە شەڕکەرەکانی عێراق، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە لە باکووری رۆژئاوای حەویجەوە بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنەوەی 11 گوند لە ناوچەی (ھیچەل) دەستپێكردووە".
بەگوتەی ئەو ئەفسەرە تا ئێستا ھێزە عێراقییەکان توانیویانە گوندەكانی (شەلالات، شەلالاتی ئیمام، عەباسییە، دەنعوس) كۆنترۆڵ بكەنەوە و ئێستا ھێزەکان لەشەڕێکی سەختدان لەگەڵ چەکدارانی داعش.
لەبارەی ھێزە بەشداربووەکانی شەڕەکەوە عەقید ھەیسم گوتی: "تانکە پێشکەوتووەکانی فیرقەی 9 و لیوای 60 سوپا و پۆلیسی تکریت و ئیتیحادی بەشدارن لەو ئۆپەراسیۆنەو تا ئێستا لەسەدا 50% پلانەکەیان جێبەجێكردووە لە چەند کاتژمێرێکی کەمدا تەواوی ناوچەکان کۆنترۆڵدەکرێنەوە کە لەپلانەکەدا ھاتووە".
بەپێی زانیارییەکان کوردستان24، لەو شەڕەدا ئەفسەرێک بەپلەی عەقید روکن و 11 سەربازی سوپای عێراق کوژراون.