مەسرور بارزانی و جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا داھاتووی كوردستان تاوتوێ دەكەن
مەسروربارزانی: پێشمەرگە و گەلی کوردستان ھاوبەشی ئەمریکا و جیھان دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر
K24 - واشنتۆن
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی داھاتووی کوردستانیان کرد.
مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئانتۆنی بلینکن، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەوە و جەختیان لەسەر پەیوەندی تۆکمەی نێوان ھەولێر و واشنتۆن کردەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، ھەردوولا باسیان لە قۆناخی دوای شەڕی مووسڵ و وەدەرنانی داعشیان لە عێراق کرد و لەو کۆبوونەوەیەدا، مەسرور بارزانی دووپاتیکردەوە، پێشمەرگە و گەلی کوردستان ھاوبەشی ئەمریکا و جیھان دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
لە لایەکی دیکەوە، شاندی باڵای ھەرێمی کوردستان لەگەڵ جێگری وەزیری بەرگری ئەمریکا لەبارەی زیادکردنی ھاوکارییەکانی پێشمەرگە کۆبوونەوە.
شاندی باڵای ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێلیسا سلۆتکین، جێگری وەزیری بەرگری ئەمریکا کۆبوونەوە و باسیان لە میکانیزمی زیادکردنی ھاوکارییەکانی پێنتاگۆن بۆ پێشمەرگە لە شەڕی رووبەڕووبوونەوەی داعش کرد.
لە درێژەی کۆبوونەوەکانیاندا لە واشنتۆن، مەسرور بارزانی لەگەڵ وەلید فارس، راوێژکاری کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ھەڵبژێردراوی ئەمریکا دانیشتن و تاوتوێی شەڕی دژی داعش و داھاتووی کوردستانیان کرد.

مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان و ئانتۆنی بلینکن، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا
چەند رۆژێكە مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، بە یاوەری فوئاد حسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ تاوتوێکردنی داھاتووی ھەرێمی کوردستان و پاڵپشتیکردنی ھێزەکانی پێشمەرگە و زانینی دید و بۆچوونی بەرپرسانی باڵای ئێستا و داھاتووی ئیدارەی ئەمریکا و تیمی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی نوێی ئەمریکا، لە واشنتۆنە.

كۆبوونەوەی شاندی ھەرێمی كوردستان و جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا
سهردانی ئهمجارهی مەسرور بارزانی بۆ دیدار و گفتوگۆیه لهگهڵ گهوره بهرپرسانی ئهمریكا،تاوهكو سهرهڕای خهبات و قوربانیدانی پێشمهرگه به خەباتی دیپلۆماتیانەش پرسی داھاتووی ھەرێمی کوردستان و ئایندهی ناوچهكه لهگهل بهرپرسه ئهمریكییهكاندا تاوتوێ بکات.
دیدارهكانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، بهرپرسانی ئیدارەی ئێستا و داھاتووی ئەمریکا دهگرێتهوه و باس لە ئاییندەی کوردستان و پێشمەرگە بکات، بەتایبەت کە چەندینجار ئەمریکاییەکان کوردییان بە دۆستی نزیکی خۆیان زانیوە و پاڵپشتی و ھاوکاری بەردەوامی پێشمەرگە بوون لەشەڕی تیرۆردا.