خۆپێشاندانی بەرفراوان دژی گوتەكانی پەرلەمانتاری گۆڕان دەستیپێكرد
مەنسور بارزانی: سكاڵای یاسایی دژی پەرلەمانتارەكەی گۆڕان تۆمار دەكەین
K24 – ھەولێر
دژی گوتەكانی پەرلەمانتارێكی بزووتنەوەی كە لە كەناڵێكی تەلەفزیۆنی سوكایەتی بە "كەسوكاری سەربەرزی شەھیدان" كردووە، ھاووڵاتیان لە شارەكانی ھەولێر و كەركووك و دھۆك خۆپێشاندانی بەرفراوانیان دەستپێكرد.
پەیامنێرانی كوردستان24 رایانگەیاند: "چین و توێژەكانی ھەولێر و كەركووك دژی گوتەكانی سروە عەبدولواحید پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان كە لە كەناڵێكی تەلەفزیۆنی سوكایەتی بە "كەسوكاری سەربەرزی شەھیدان" كردبوو دەستیپێكردووە و ھاووڵاتیان بە چەندین دروشمەوە گوتەكانی ئەو پەرلەمانتارە شەرمەزار دەكەن".
مەنسور بارزانی وەك فەرماندەیەكی پێشمەرگە كە 29 مانگە لە بەرەكانی شەڕ دژی داعش بەرگری لە كوردستان دەكات لە لێدوانێكدا بۆ كوردستان24 رایگەیاند: "لێرەوە بە دایك و خوشكی پێشمەرگە دەڵێین، ئێوە دایك و خوشكی ئێمەن، سكاڵای یاسایی دژی ئەو پەرلەمانتارە تۆمار دەكەین و داوا لە وەزارەتی پێشمەرگە دەكەین ئەم شتە قبوڵ نەكرێت".
گوتیشی: "وەك پێشمەرگەیەك 29 مانگە لەبەرەكانی شەڕ بەرگری لەم خاكە و گەلەكەم دەكەم، زۆر پێم ناخۆشە كە دەبینم یەكێك سوكایەتی بە خێزانی شەھیدەكانمان یان بە پێشمەرگە دەكات، لە سایەی خوێنی شەھیدان و تێكۆشانی پێشمەرگە ئێستا كوردستان ئازادە".
مەنسور بارزانی فهرماندهی لهشكری تایبهتی یهك و گوڵان
خێزانێكی شەھید كە شاری دھۆك بەشداریان لە ناڕەزایەتیەكانی خەڵك دژی پەرلەمانتارەكەی گۆڕان كردووە، بە چاوی بە فرمێسكەوە دەڵێ: "ئەو پەرلەمانتارە كورد نییە" ژمارەیەك خێزانی دیكەی شەھید لەو گردبوونەوەیە داوایان كرد لەسەر ئەو گوتانەی پەرلەمانتارەكە بدرێتە دادگا و سزابدرێت.

خێزانێكی شەھید لە دھۆك بە چاوی پڕ فرمێسكەوە دژی گوتەكانی پەرلەمانتارێكی گۆڕان ناڕەزایەتی دەردەبرێت
ھەر لە چوارچێوەی ناڕەزایەتییەكان خانەوادەی شەھیدان لە شاری كەركووك لە بەیاننامەیەكدا دژی گوتەكانی ئەو پەرلەمانتارە رایانگەیاند: "دایك و ھاوسەری شەھیدان سەربەرزانە ھاوكاربوون لە سەركەوتنی شۆڕشەكانی كوردستان و بە شەرەف و كەرامەتەوە نەوەكانی شەھیدانیان پێگەیاند، ئێستاش شەھیدان بەخوێنی خۆیان لە شنگالەوە تا جەلەولا كوردستانیان پاراست و شكۆی داعشیان بە بەرچاوی ھەمووجیھان تێكشكاند".
كەسوكاری شەھیدانی كەركووك داوا لە سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان و وەزارەتی شەھیدان و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەن، رێكاری یاسای توند دژی ئەو پەرلەمانتارە بگرنەبەر و بەپێی یاسا سزا بدرێت".
خۆپێشاندانی ھاووڵاتیانی ھەولێر و كەركووك دژی گوتەكانی پەرلەمانتارێكی بزووتنەوەی گۆڕان
پێشتر لە بەرامبەر گوتەكانی ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان ھاووڵاتیان و دامودەزگاكانی ھەرێمی كوردستان چەندین پەیامی ناڕەزاتیان بڵاوكردەوە، وەزارەتی پێشمەرگە لە پەیامێكدا رایگەیاند "ئەو سوکایەتییە قابیلی قەبووڵکردن نییە و پێویستە گۆڕان روونکردنەوە لەسەر ئەو سوکایەتیەی ئەو پەرلەمانتارە بدات، ھێزی پێشمەرگە لە پێناو پاراستنی خاک و گەلی کوردستان، گیانی خۆی بەختدەکات و ھیچ کەسێک بۆی نییە بە ناوی پەرلەمانتارییەوە سووکایەتی بکات و رێگە بە خۆی بدات، تەواوی سنوورەکانی ناپاکی تێپەڕێنێت و تۆمەتی نابەجێ بە خانەوادەی پێشمەرگە ببەخشێت".