لە كوردستان بە چەندین چالاكی یادی لە دایكبوونی پێغەمبەری ئیسلام دەكرێتەوە
ھاووڵاتیان بە بەشینەوەی شیرینی و نزا بەشداری لەو یادە دەكەن
K24 – ھەولێر
بە بۆنەی یادی لە دایكبوونی پێغەمبەری ئیسلام محەمەد، ئەمڕۆ لە شارو شارۆچكەكانی كوردستان چەندین چالاكی بەڕێوەدەچێت و ھاووڵاتیانیش بە بەشینەوەی شیرینی و نزاكردن بەشداری لەو بۆنەدا دەكەن.
گۆران شاخەوان پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "بەبۆنەی یادی لە دایكبوونی پێغەمبەری ئیسلام، زۆربەی ھاووڵاتیانی ھەولێر لە ناو بازاڕ و لە نزیك قەڵات كۆبوونەتەوە و بە وتنەوەی دروشمی ئاینی و نزا و بەشینەوەی شیرینی ئەو یادە بەرز رادەگرن".
مامۆستایەكی ئاینی لە ھەولێر بە كوردستان24 گوت: "لە ھەموو شارەكانی كوردستان گرنگی بەو یادی لە دایكبوونی پێغەمبەر دەدرێت، بەڵام لە ھەولێر زیاتر لە شارەكانی دیكە گرنگی پێدەدرێت و جیاوازتر ئەو یادە دەكرێتەوە".
ئەو مامۆستایە نزای بۆ گەلی كورد كرد بۆ ئاشتەوایی و باشتربوونی ژیان و گوزەرانی خەڵك و گیانی لێبوردەیی لە نێوان لایەنە سیاسییەكان.
یادی لە دایكبوونی پێغەمبەری ئیسلام لە ھەولێر
لەشاری سلێمانی بۆ یادی لە دایكبوونی پێغەمەر محەمەد چەندین چالاكی بەڕێووە دەچێت، لەوبارەیەوە دالیا كەمال پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "ھاوكات لەگەڵ شار و شارۆچكەكانی دیكەی كوردستان لە شاری سلێمانی چالاكی جۆراوجۆر بۆ یادی لە دایكبوونی پێغەمبەری ئیسلام سازدەكەن".
چالاكییەكانی یادی لەدایكبوونی محەمەد پێغەمبەر لە شاری سلێمانی
ھێمن دەلۆ پەیامنێری كوردستان24 لە كەركووك گوتی: "لە شاری كەركووك چەندین چالاكی بۆ یادی لە دایكبوونی پێغەمبەر بەڕێوەدەچن، بەشێك لەو چالاكیانە لەلایەن یەكێتی زانایان سەرپەرشتی دەكەن و ھەندێكی دیكەش لەلایەن مامۆستایانی ئاینی ساز دەكرێن".
مامۆستا ئازاد بەرپرسی لقی یەكێتی زانایان لە كەركووك بە كوردستان24 گوت: "لە زۆربەی مزگەوتەكانی كەركووك لەبەرەبەیانیەوە دەستكراوە بە یادكردنەوەی پێغەمەری ئیسلام، چەندین مەولود بەم بۆنەیەوە رێكدەخرێن".
چالاكییەكانی یادی لە دایكبوونی پێغەمبەری ئیسلام لە كەركووك
ھاوكات لە شاری دھۆك یادی لەیادیكبوونی پێغەمبەری ئیسلام دەكرێتەوە، پەیامنێرمان چەكدار جەمال لە دھۆك رایگەیاند: "ھاووڵاتیان بە بێ جیاوازی ئاینی و مەزھەبی بەشداریان لە مەولودی یادی لە دایكبوونی محەمەد پێغەمبەركردووە".
مەراسیمی یادی لە دایكبوونی پێغەمبەری ئیسلام لە دھۆك