شەش گوندی رەققە لە دەستی داعش رزگاركران

قوناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی رەققە دەستیپێكرد

K24 - ھەولێر

لە قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی رەققە بەناوی توڕەیی فورات ھێزەكانی سووریای دیموكرات 6 گوندیان لە دەستی چەكدارانی داعش رزگاركرد.

ژووری ئۆپەراسیۆنی توڕەیی فورات ئاشكرای كرد: "ئەمڕۆ شەش گوندیان بەناوەکانی مەروانیە، چیای کەراجە، حەمیرەی بچوک و حەمیرەی گەورە، قرودانە و درانیە رزگارکردووە".

ئاماژەیان بەوەكردووە كە ژمارەیەك لە چەك و تەقەمەنی چەكدارانی داعش كەوتووەتە دەست شەڕڤانان و شەڕ بەردەوامە.

دوێنێ ھێزەکانی سوریای دیموکرات لە ناحیەی سلووک لە رۆژھەڵاتی گرێ سپی بە فەرمی دەستپێکردنی قوناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنەکەیان راگەیاند کە بە پشتگیری ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەڕێووە دەچێت.

ئۆپەراسیۆنی "توڕەیی فورات" رۆژی 5 تشرینی دووەمی 2016  بۆ کۆنترۆڵکردنی شاری رەققە لە لایەن ھێزەکانی سوریای دیموکرات و بەشداری یەپەگە و یەپەژە دەستیپێکرد.

دوێنێ وەزیری بەرگری ئەمریکا ئاشتۆن کارتەر رایگەیاند، بۆ پشتگیری لە شەڕی کۆنتڕۆڵکردنی رەققە پایتەختی دیفاکتۆی داعش 200 سەربازی دیکە دەنێرنە سووریا بۆ ھاوکاریکردنی گرووپە لۆکاڵییەکان.