چوار گوندی دیكەی رەققە كۆنترۆڵكرانەوە

لە قوناغی دووەمی ئۆپەاسیۆنەكە 10 گوند لە دەستی داعش رزگاركراون

K24 - ھەولێر

لە بەردەوامی قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی رەققە بەناوی "توڕەیی فوڕات" ھێزەكانی سووریای دیموكرات رایانگەیاند، شەڕڤانانیان توانیویانە چوارگوندی دیكە لە دەست چەكدارانی داعش رزگار بكەن.

ھێزەكانی سووریای دیموكرات ئاشكرایان كردووە ھەر یەك لە گوندەكانی باشدولکێ، بەجلیکێ، ئارنێ، سێگوڵ، لە رۆژئاوای شاری رەققە لە دەست چەكدارانی داعش كۆنترۆڵكراونەتەوە، بەمەش ژمارەی ئەو گوندانەی لە قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنەكەدا رزگاركراون دەكاتە 10 گوند لە ماوەی دوو رۆژدا.

رۆژی 10/12/2016،ھێزەکانی سوریای دیموکرات لە ناحیەی سلووک لە رۆژھەڵاتی گرێ سپی بە فەرمی دەستپێکردنی قوناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنەکەیان راگەیاند کە بە پشتگیری ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەڕێووە دەچێت.

ئۆپەراسیۆنی "توڕەیی فورات" رۆژی 5 تشرینی دووەمی 2016  بۆ کۆنترۆڵکردنی شاری رەققە لە لایەن ھێزەکانی سوریای دیموکرات و بەشداری یەپەگە و یەپەژە دەستیپێکرد.