باوكی مینا: ئێستا زۆر ئاسوودەم كە بكوژی كچەكەم سزادرا

بكوژی مینای 18 مانگ لە سێدارە درا

K24 - دھۆك

باوکی مینا رایگەیاند، بکوژی کچەکەی لە سێدارە درا و تاوانبار بە سزای راستەقینەی خۆی گەیشتووە.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان24 مێڤان محەممەد، باوکی مینا رایگەیاند: "لە رووی دەروونییەوە زۆر ئاسوودەم چونکە ماوەیەکی زۆر بوو چاوەڕێم دەکرد بکوژی کچەکەم لە سێدارە بدرێت، سوپاسی ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی ھەرێمی کوردستان دەكەم کە بە دەنگ داواکەمان ھاتوون و لە رێگەی یاساوە بکوژی کچەکەیان سزادا".

مێڤان محەمەد باوكی مینا

مینای 18 مانگی لە رۆژی 9/6/2016، تەرمی بە پارچە پارچەکراوی لە گوندێکی سنووری پارێزگای دھۆک دۆزرایەوە، لە 10/7/2016،  بە پێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی بڕیاری لە سێدارەدان بۆ بکوژەکەی بەناوی (ع.ح) دەرچوو، لە 19/10/2016 پەسەندکرا، دوێنێ باوكی مینا ھەواڵی لە سێدارەدانی بكوژی كچەكەی راگەیاند.