دوو پەرلەمانتاری دیكەی ھەدەپە دەستبەسەركران

لە لایەن بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە لەئەنقەرە دەستبەسەرکران

K24 - ھەولێر

دەستگیركردنی پەرلەمانتار و سەركردەكانی ھەدەپە لە توركیا بەردەوامە و شەوی رابردوو پۆلیسی توركیا دوو پەرلەمانتاری دیكەی ھەدەپەی دەستبەسەركرد.

بە گوێرەی زانیاری ئاژانسی ئانادۆڵو: "ھەریەک لە بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموكراتی گەلان (ھەدەپە) چاغڵار دەمیرەل و پەرلەمانتاری سێرتی پارتەکە بەسیمە کۆنجا، لە ئەنقەرە دەستبەسەرکراون".

زانیارییەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، لە دوو لێکۆڵینەوەی جیادا کە لەلایەن ھەریەک لە سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی لە باتمان و ئامەد بەڕێوەدەبرێن، ھەریەک لە بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ھەدەپە و پەرلەمانتاری ئامەد چاغڵار دەمیرەل و پەرلەمانتاری سێرتی پارتەکە بەسیمە کۆنجا کە فەرمانی دەستگیرکردنیان ھەبوو، دوای ماوەیەکی کەم لەجێھێشتنی پەرلەمان لەلایەن تیمەکانی ھۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە لەئەنقەرە دەستبەسەرکران و دوای ئەوەی پشکنینی تەندروستییان بۆ کرا، رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش کران.

ئەمە لە كاتێكدایە كە ھاوسەرۆكانی ھەدەپە و ژمارەیەكی دیكە لە پەرلەمانتار و سەركردەكانی ئەو پارتە لەلایەن حكوومەتی توركیا بە تۆمەتی ھاوكاریكردنی پەكەكە و سوكایەتیكردن بە سەرۆك كۆماری توركیا دەستگیركراون.