داواکاری گشتی سکاڵا دژی پەرلەمانتارەكەی گۆڕان دەجووڵێنێت
"ھەموو ئیجرائاتێكی یاسایی لە دژی ئەو پەرلەمانتارە دەگرینەبەر"
K24 – ھەولێر
سەرۆكایەتی داواكاری گشتی ھەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، سكاڵا دژی پەرلەمانتارەكەی گۆڕان دەجوڵێنن و ھەموو ئیجرائاتێكی یاسای دژی ئەو پەرلەمانتارە دەگرنەبەر.
بۆتان بەکر، بەڕێوەبەری داواکاری گشتی و سکرتێری دەستەی مافی گشتی ھەرێمی کوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت سكاڵای دژی پەرلەمانتارەكەی گۆڕان ئاراستەی سەرۆكایەتی داواكاری گشتی كردووە، ئێمە لە رێگەی دەستەی مافی گشتی ھەرێم سكاڵای یاسای دەجوڵێنین لەسەر ئەو بابەتە و ھەموو ئیجرائاتێكی یاسایی لە دژی ئەو پەرلەمانتارە دەگرینەبەر".
گوتیشی: "بۆ دڵنیایی خەڵكی ھەرێمی كوردستان ئەو كەسانەی كە كەسایەتیان لەكەداركراوە یان ھەستی برینداركراوە، لە دەستەی مافی گشتی لیژنەیەكمان ھەیە بەناوی لیژنەی تۆماركردنی مافی گشتی ئەوان چاودێری بابەتەكە دەكەن و كەیسەكە لە رێگەی ئەوانە دەدرێت بە دادگا، دواتر ئیشی دادگا دەست پێدەكات".
لەبارەی رێگرییەكانی حەسانە بۆ لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارە بۆتان بەكر گوتی: "دادگا دەتوانێ پەرلەمانی عێراق ئاگادار بكاتەوە كە حەسانەی لێوەربگرێتەوە تا ئیجرائاتی یاسایی لەگەڵ بكرێت".
ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: "تا ئێستا نزیكەی 10 سكاڵا لەسەر سروە عەبدولواحید پەرلەمانتاری گۆڕان ئاراستەی داواكاری گشتی كراون".