وەزیری خوێندنی باڵا: دەمانەوێت لەم كۆنفراسەدا لە رووی سیاسی و فكرییەوە كار بۆ قۆناغی دوای داعش بكەین
بە سپۆنسەری كوردستان24 کۆنفرانسی لێبوردەیی و ھەڕەشەی تیرۆر و پێكەوە ژیان لە ھەولێر بەردەوامە
K24 – ھەولێر
وەزیری خوێندنی باڵای حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لەبارە رێكخستنی كۆنفرانسی لێبوردەیی و ھەڕەشەی تیرۆر و ئەزموونی پێكەوە ژیان لە ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، دەمانەوێت لەم كۆنفراسەدا لە رووی سیاسی و فكرییەوە كار بۆ قۆناغی دوای داعش بكەین.
لە میانی بەشداریكردنی لە رووماڵی تایبەتی كوردستان24 لە كۆنفرانسی لێبوردەیی و ھەڕەشەی تیرۆر و ئەزموونی پێكەوە ژیان لە ھەرێمی كوردستان، دكتۆر یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: "بیری توندڕەوی بە گشتی باڵی بەسەر ناوچەكەدا گرتووە، خۆشبەختانە كوردستان دوورە لەو شێوە بیرە توندڕەوە، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین ھەرێمی كوردستان لە قۆناغێكی راگوزەردایە ئەویش قۆناغی دوای داعشە، لەبەر ئەوە پێمان وایە دەبێ كاربكەین بۆ ئەوەی لە رووی فكری و سیاسی دوای داعش چی بكرێت".
گوتیشی: "دەرئەنجامی كۆنفرانسەكە دەدەینە لایەنە پەیوەندیدارەكان لایەنی یەكەمیش بۆ ئێمە حكوومەتە، ھەوڵدەدەین لە دامودەزگاكان جێبەجێ بكرێت".
لەبارەی پێوەری ئەو كەسانەی بۆ كۆنفرانسەكە بانگێشت كراون وەزیری خوێندنی باڵا گوتی: "ھەوڵمانداوە كۆنفراسێكی نێودەوڵەتی بێت، چونكە تیرۆر و توندڕەوی ھەڕەشەیەكی نێودەوڵەتییە، ھەوڵدەدەین سوود لە ئەزموونی گەلان و وڵاتان وەرگرین، بۆیە خەڵكی شارەزامان لە وڵاتە جیا جیاكانی جیھان بانگێشت كردون".
كۆنفرانسی لێبوردەیی و ھەڕەشەی تیرۆر و ئەزموونی پێكەوە ژیان لە ھەرێمی كوردستان وەزارەتی خوێندنی باڵا بە ھاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان لە ھەولێر رێكیان خستووە و بە سپۆنسەری میدیایی كوردستان24 كۆنفرانسەكە بەڕێوەدەچێت.