داوای نوێكردنەوەی رێككەوتننامەی ستراتیژی نێوان پارتی و یەكێتی دەكرێت
بەرپرسێكی باڵای یەكێتی: تەنھا مام جەلال و كاك مەسعوو بارزانی دەتوانن رێككەوتننامەكە ھەڵبوەشێنەوە
K24 - سلێمانی
بەشێک لە بەرپرسانی باڵای یەکێتی نیشتمانی کوردستان و کادرانی پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان داوا دەکەن کار لەسەر نوێكردنەوەی رێكکەوتنامەی ستراتیژی نێوان ھەردوو حزب بکرێت كە لەگەڵ بارودۆخی ئێستادا بگونجێت، ئەم ھەنگاوەش بە ھەلێكی باش دەزانن بۆ رێکخستنەوەی ناوماڵی کورد لە ھەرێمی کوردستان.
زوبێر عوسمان جێگری سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی نیشتمانی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "رێككەوتنامەی ستراتیژیمان لەگەڵ پارتی تا ئێستا ھەڵنەوەشاوەتەوە و لەسەر دەستی جەنابی مام جەلال و كاك مەسعوود بارزانی واژوو كراوە و ئەو دوو جوامێرە دەتوانن رێككەوتنەكە ھەڵبوەشێنەوە".
گوتیشی: "پێویستە پەیوەندییەكانی یەكێتی لەگەڵ پارتی پێداچوونەوە پێدا بكرێت، بەپێی بارودۆخی ئێستا دابڕێژرێتەوە و پتەو بكرێت.
ھەر لەو بارەیەوە بەکر رەحیم کادری پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ: "رێككەوتننامەی پارتی و یەكێتی توانی خزمەتێكی زۆر باش بە دۆخی سیاسی و حوكمرانی ھەرێمی كوردستان بكات، دەكرێت بە رەزامەندی ھەردوولا ئەو رێككەوتننامەیە بە شێوازێكی دەوڵەمەندتر رێك بخرێتەوە كە بۆ قۆناغی ئێستا گونجاو بێت".