محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود: له‌م ناوچه‌یه‌دا ته‌نها پێشمه‌رگه شه‌ڕ بۆ خۆی ده‌كات
"ده‌بێت رێككه‌وتنێكی سیاسی بۆ قۆناغی دوای ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵ بێته ئاراوه"
K24 – هه‌ولێر:
محه‌مه‌د حاجی مه‌حموود سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان و فه‌رمانده‌ی ناوداری پێشمه‌رگه له به‌شێكی كۆنفرانسی ساڵانه‌ی زانكۆی ئه‌مریكی كوردستان-دهۆك كه له ژێر ناونیشانی "سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ئاسته‌نگه‌كان و ده‌رفه‌ته‌كان سازكراوه به‌شداریكرد و له ووته‌یه‌كدا رۆڵی پێشمه‌رگه‌ی روونكرده‌وه و باسی ئه‌و قۆناغه مێژوویی و هه‌ستیارانه كرد كه هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بۆ به‌رگری له مانه‌وه و وجوودی گه‌له‌كه‌ی بۆی تێكۆشاووه.
محه‌مه‌د حاجی مه‌حموو ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد" هه‌میشه كورد ناچار كراوه په‌نا بۆ چیا و چه‌ك ببات،پێشمه‌رگه گیانی خۆی له پێناو ژیان و وڵاته‌كه‌ی و مرۆڤایه‌تی ده‌كاته قوربانی، پێشمه‌رگه هه‌میشه له مێژوو و ئێستاشدا هیچ كات شه‌ڕی له‌گه‌ڵ كه‌س نه‌كردووه و په‌لاماری كه‌سی نه‌داوه، به‌ڵكو هه‌میشه به‌رگری له خاكی كوردستان كردووه".
دواتر هاته سه‌ر باسی ئه‌و ئه‌و رۆڵه گرنگه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له شه‌ڕی دژی داعشدا گێڕاوویهتی و له‌و باره‌یه‌وه رایگه‌یاند" پێشمه‌رگه ئه‌و هێزه بوو كه دڕه‌نده‌ترین هێزی تیرۆریستی تێك‌شكاند و توانی ئه‌و هێزه‌ی زۆربه‌ی ناوچه‌كانی عێراق و سووریای داگیركرد شكست پێبهێنن و ناوچه‌كانیان له ده‌ست وه‌ربگرنه‌وه،راسته هێزی هاوپه‌یمانان له ئاسمانه‌وه پاڵپشتی پێشمه‌رگه‌ی كردووه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له سه‌ر زه‌وی هێزێكی تۆكمه نه‌بێت شار و خاك و ناوچه‌كان كۆنترۆڵ بكاته‌وه ته‌نها به بۆردوومانی ئاسمانی ئازاد ناكرێته‌وه".
هه‌روه‌ها محه‌مه‌د حاجی مه‌حموود گووتی" له‌م ناوچه‌یه‌دا زۆر هێز هه‌ن ئه‌جێندای تایبه‌تیان له پشته‌وه‌یه و هه‌ر یه‌كه‌ی شه‌ڕ بۆ لایه‌نێك ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وه ته‌نها پێشمه‌رگه‌یه كه شه‌ڕ بۆ خۆی ده‌كات، پێشمه‌رگه شه‌ڕ بۆ خۆی و خاك و وڵات و ناوچه‌كانی خۆی ده‌كات،هه‌ر پێشمه‌رگه‌ش بوو هێڵی توندی به‌رگری داعشی له ئۆپه‌راسیۆنی نه‌ینه‌وا تێك‌شكاند و كلیلی پێشڕه‌وییان دایه ده‌ست هێزه عێراقییه‌كان و ئێستا شه‌ڕ گه‌یشتووه‌ته ناو شاری موسڵ".
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ئاماژه‌ی به‌و نه‌هامه‌تییانه كرد كه گه‌لی كوردستان له‌سه‌ر ده‌ستی حوكمڕانانی عێراق دووچاری هاتووه و له‌و باره‌یه‌وه گووتی"به درێژایی حوكم له عێراق كه نزیكه‌ی 80 ساڵ له ده‌ست سوونه‌كاندا بووه كورد ئه‌نفال و كیمیاباران وماڵوێرانی پێ‌بڕا، ماوه‌ی 11 ساڵیشه حوكم كه‌وتووه‌ته ده‌ست شیعه‌كان و نانی كوردیان بڕی و له ئه‌نجامی ساسه‌تی هه‌ڵه‌یان داعش و شه‌ڕ و مالوێرانی دروست بوو كه یه‌خه‌ی كوردیشی گرته‌وه".
پاشان ئاماژه‌ی به قۆناغی دوای كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شاری موسڵ كرد و گووتی" ئێستا هه‌موو پێكهاته نه‌ته‌وه‌یی و ئاینییه‌كانی ئه‌و پارێزگایه هێزی چه‌كداریان هه‌یه و دۆخه‌كه گۆڕاوه، بۆیه پێویسته رێككه‌وتنێكی سیاسی درووست ببێت بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه كێشه و شه‌ڕ و ناكۆكی له‌و ناوچانه درووست نه‌بێته‌وه و به رێككه‌وتن ئیداره‌ی ناوچه‌كانیان بكه‌ن".