پیته‌ر گالبێرت: ئێستا باشرین ده‌رفه‌ته بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان
نووسه‌ری كتێبی "كۆتایی عێراق" ده‌ڵێت: هیچ كاتێك له ئێستا گونجاوتر نییه بۆ سه‌ربه‌خۆیی
K24 - دهۆك:
له كۆنفرانسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، كه له زانكۆی ئه‌مه‌ریكی كوردستان له دهۆك به‌ڕێوه‌ده‌چێت، پیته‌ر گالبێرت، نووسه‌ر و دیپلۆماتكاری ئه‌مه‌ریكی رایگه‌یاند، ئێستا باشترین ده‌رفه‌ته بۆ راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی و هیچ كاتێك وه‌كو ئێستا نه‌بووه، ته‌نها پێویستی به ویستێكی به‌هێزه بۆ گرتنه‌به‌ری ئه‌و رێگه‌یه.
گالبیرت گوتی: "ئه‌گه‌ر ره‌وشی ئێستا به رابردوو و به‌تایبه‌تیش به ساڵی 1991 به‌راورد بكه‌ین، ئه‌وا جیاوازییه‌كه‌ی زۆر زۆره و گۆڕانكاری ریشه‌یی روویداوه".
ئه‌و دیپلۆماتكاره ئه‌مه‌ریكییه ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، كاتێك باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا بووه له كرواتیا، رووداوه‌كانی ئه‌وكاتی بۆسنیای به نموونه‌یه هێنایه‌وه و رایگه‌یاند، بۆسنیا هه‌واڵی راگه‌یاندنه‌كانی جیهان بوون، ئه‌وه‌ش بووه هاوكارێكی باش بۆ سه‌ربه‌خۆیی، له ئێستادا كوردستانیش هه‌مان حاڵه‌ته و رۆژانه راگه‌یاندنه‌كانی جیهان باسی كورد ده‌كه‌ن.
هه‌روه‌ها گوتی: "ساڵی 1987 كاتێك كوردستان له ژێر ده‌ستی رژێمی سه‌دام حوسێن بوو، دووه‌م سه‌ردانی خۆم ئه‌نجامدا، له‌سه‌ر نه‌خشه‌كان بینیمان و ده‌مانزانی گونده‌كان كامانه‌ن، له پڕێك بینیمان ئه‌و گوندانه نه‌ماون، ئه‌و كاته گه‌یشتمه ئه‌و بڕوایه‌ی سه‌دام حوسێن ده‌یه‌وێت كۆمه‌ڵكوژی ئه‌و خه‌ڵكه بكات".
پیته‌ر گالبێرت، ئاماژه‌ی به مێژووی عێراق كرد و رایگه‌یاند، مێژووی ئه‌و وڵاته پڕه له داپلۆسینی گه‌لی كورد له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌كانی ئه‌و وڵاته‌وه.
ئه‌و نووسه‌ره ئه‌مه‌ریكییه، كاتێك جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆك كۆماری عێراق بووه، كتێبه‌كه‌ی خۆی به‌ناوی "كۆتایی عێراق – End of Iraq" به دیاری پێداوه و پێی گوتووه: "هه‌رچه‌نده تۆ سه‌رۆك كۆماری عێراقی و من له ئۆفیسه‌كه‌ی تۆم، به‌ڵام ئه‌وه كۆتایی عێراقه پێتی ده‌ده‌م، ئه‌ویش گوتی بۆ نا؟".
پیته‌ر گالبێرت راشیگه‌یاند، ئه‌گه‌ر عێراق هێزی پێشمه‌رگه وه‌ك هێزێكی سه‌ر به‌عێراق چاو لێده‌كات، بۆچی له هه‌ستیارترین كات له 2014دا، كه داعش په‌لاماری كوردستانیدا، ده‌روازه‌ی ئاسمانی به رووی ئه‌و فڕۆكانه داده‌خست كه هاوكاری سه‌ربازییان ده‌گه‌یانده هه‌رێمی كوردستان، بۆیه ئه‌و كاته چه‌كی باش نه‌گه‌یشته هه‌رێم و ئه‌وكاته‌ش وڵاتان دركییان به‌وه كرد و ئه‌و كاره‌یان به "گه‌مژه‌یی" له قه‌ڵه‌مدا.
ئه‌و نووسه‌ره ئه‌مه‌ریكییه گوتی: "هێزه سه‌ربازییانی عێراق، هه‌موویان له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه پڕچه‌ككراون، سوپای عێراق، باشترین چه‌كی ئه‌مه‌ریكییان پێبووه، به‌ڵام ئێستا كه‌وتوونه‌ته ده‌ستی داعش".
هه‌روه‌ها گوتی: "یه‌كێك له رۆژنامه‌كان نووسیویه‌تی ئه‌مه‌ریكا راسته‌وخۆ چه‌ك ده‌داته داعش كاتێك سوپای عێراق پڕچه‌ك ده‌كات".
گالبێرت ئاماژه‌ی به حه‌شدی شه‌عبیش كرد كه ئێستا وه‌ك هێزێك پڕچه‌كی ئه‌مه‌ریكی له عێراقدا هه‌یه و بوونی ئه‌و هێزه‌شی به مه‌ترسی له‌سه‌ر داهاتووی عێراق وه‌سفكرد و گوتی: "مه‌ترسییه‌كان زیاتر ده‌بن له‌سه‌ر كوردستان، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ عێراق بمێنێته‌وه".
باڵیۆزی پێشووی ئه‌مه‌ریكا له كرواتیا، گوتیشی: "هیچ كاتێك له ئێستادا بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان گونجاو نییه و ده‌رگای سه‌ربه‌خۆیی به رووی كوردستاندا كراوه‌ته‌وه".
له باره‌ی كۆسپه‌كانی به‌رده‌م سه‌ربه‌خۆیی كوردستانیش، رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا رێگره، ئه‌وا ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه و هیچ ئیداره‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكا وه‌كو ئیداره‌ی نوێ نییه، له رووی نێوده‌وڵه‌تی، ئه‌وه‌ش لایه‌نێكی ئه‌رێنییه و ئه‌ندامانی ئیداره‌ی نوێ كورد ده‌ناسن.
هه‌روه‌ها گوتی: "جه‌نه‌رال فلێن، كاندیدی راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكایه و دوایین كه‌س ده‌بێت كه قسه له‌گه‌ڵ ترامپ ده‌كات و كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ری هه‌یه، ئه‌ویش دووپاتیكردووه‌ته‌وه كه پێویسته كوردستان سه‌ربه‌خۆ بێت".
له وه‌ڵامی ئه‌وانه‌شدا كه ده‌ڵێن سه‌ربه‌خۆیی ده‌بێته هۆی ناسه‌قامگیری ناوچه‌كه، پیته‌ر گالبێرت گوتی: "ئایا عێراق و سووریا سه‌قامگیرن؟".