ئیسماعیل بێشكچی: ناكرێ كوردەكان لە سەربەخۆیی بێبەش بكرێن

پارچەكردنی كوردستان وەك رقێك بەرامبەر بە گەلی كورد كراوە

K24 – دھۆك

لە میانی بەشداریكردنی لە كۆنفرانسی "سەربەخۆیی کوردستان رووبەڕبوونەوە و دەرفەت" زانکۆی ئەمریکی کوردستان – دھۆک، ئیسماعیل بێشكچی نووسەر و لێكۆڵەری تورك و دۆستی گەلی كورد رایگەیاند، نەدانی مافی سەربەخۆیی بە كوردەكان كارێكی ئەستەمە ناكرێ كوردەكان لە سەربەخۆیی بێبەش بكرێن.

بێشكچی ئەوەی خستەڕوو: "میللەتەكان مافی ئەوەیان ھەیە دەوڵەتی سەربەخۆ بۆخۆیان دابین بكەن، ئەمە روویداوە لە چەندین ناوچە بۆ نموونە لە ئاسیا و باكووری ئەفریقا، بەڵام ئەو كارە بۆ كوردەكان رووینەداوە، بەڵكو كوردەكان پارچە پارچە كراون نەك دەوڵەتێكی سەربەخۆیان ھەبێت، دوای جەنگی جیھانی یەكەم بۆچی كۆمەڵەی گەلان دروستبووە؟ بۆچی لەو كۆمەڵەیە مافی كورد نەدراوە و ئەوكاتە كوردەكان پارچە پارچە كراون؟ ئەوكاتیش لە نەتەوە یەكگرتووەكان كێشە ھەبووە لەسەر مافی چارەنووسی گەلان، بەڵام ئایا بۆچی ئەو پرەنسیپە بۆ كوردان نەچەسپاوە، نە ئەمریكییەكان و نە سۆڤیەتییەكان ئەو مافەیان بە كورد نەداوە؟ بێگومان نەدانی مافی سەربەخۆیی بە كوردەكان كارێكی ئەستەمە ناكرێ كوردەكان لە سەربەخۆیی بێبەش بكرێن".

گوتیشی: "دوای جەنگی جیھانی دووەم چەندین گۆڕانكاری گەورە روویدا، تەنھا لە ئەفریقا دوو دەوڵەتی سەربەخۆ دروستبوو، بەڵام لە كوردستان ھیچ شتێك نەگۆڕا، ئێستا گۆڕانكاری گەورە لە جیھان ھەیە، كوردەكان ھێزێكی گەورەیان ھەیە، پارچەكردنی كوردستان لە رابردوو وەك رقێك بەرامبەر بە گەلی كورد كراوە، ئەگەر كوردستان كەوتبایە سەردەریا وڵاتان بەجۆرێكی دیكە مامەڵەیان لەگەڵ كورد دەكرد، بەڵام خۆ سنوور ھەر بە دەریا دیار ناكرێت".

بێشكچی باسی لە ھاتنی داعش بۆ ناوچەكە كرد و گوتی: "داعش لە ساڵی 2014 مووسڵی داگیر كرد، دواتر ھات شنگالی داگیركرد و كۆمەڵكوژی ئەنجامدا، ئەو مییللەتانەی كە بێ دەوڵەتن لە ھەموو كاتێكدا ئەگەری ئەوە ھەیە رووبەڕووی كۆمەڵكوژی ببنەوە".

كۆنفرانسی سەربەخۆیی کوردستان رووبەڕبوونەوە و دەرفەت" زانکۆی ئەمریکی کوردستان – دھۆک، ئەمڕۆ بە بەشداری ژمارەیەكی زۆر لە سیاسەتمەتدار و شارەزا و كەسایەتی ناسراو لەسەر ئاستی جیھان دەستیپێكرد، بڕیارە كۆنفرانسەكە دوو رۆژ بەردەوام.