فوئاد حوسێن: رێگه‌ى سه‌ربه‌خۆيى به به‌غدادا تێپه‌ڕ ده‌بێت
هه‌موو هێزه سياسييه‌كانى ناوخۆى كوردستان بڕوايان به سه‌ربه‌خۆييه
K24 – دهۆك:
سه‌رۆكى ديوانى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێمى كوردستان، فوئاد حوسێن رايگه‌ياند، رێگه‌ى سه‌ربه‌خۆيى به به‌غدادا تێپه‌ڕ ده‌بێت و پێويسته دانووستانيش له‌گه‌ڵ تاران و ئه‌نقه‌ره‌دا بكرێت.
فوئاد حوسێن گوتى: پێويسته له ناوخۆدا وتوێژ بكه‌ين و له‌گه‌ڵ عه‌ره‌به‌كاندا قسه بكه‌ين، چونكه له كۆتاييدا هه‌ر ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌وان قسه بكه‌ين.
هه‌روه‌ها گوتى: له ناوخۆى خۆشمان‌دا ده‌بێت له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانى ديكه ديالۆگ بكه‌ين بۆ ئه‌وه‌ى بزانين چۆن بژين و هه‌مووان نه‌خشه‌يه‌كمان هه‌بێت.
روونيشيكرده‌وه، يه‌كه‌مجاره له مێژووى ئێمه‌دا كه كێشه‌ى سياسى له نێوان هێزه سياسييه‌كان هه‌يه، به‌ڵام كه‌س ده‌ستى نه‌برد بۆ چه‌ك و پێشمه‌رگه‌ى ئێمه كه په‌يوه‌ندى هه‌يه به زۆربه‌ى هێزه سياسييه‌كان، دووربوون له ململانێى سياسيى و ئه‌مه‌ش ده‌ريده‌خات كه ئێمه به‌ره‌و ديموكراسى ده‌چين، به‌ڵام نابێت هه‌ر له‌و ناكۆكييه سياسييه‌دا بمێنيينه‌وه و ده‌بێت ستراتيژێكمان بۆ سه‌ربه‌خۆيى كوردستان هه‌بێت چونكه په‌يوه‌ندى به هه‌موو تاكێكى كوردستانه‌وه هه‌يه.
فوئاد حوسێن روونيشيكرده‌وه، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ به‌غدا گه‌يشتينه ئه‌نجام ئه‌وا رێگه‌ى سه‌ربه‌خۆيى ئاسان ده‌بێت و ئه‌گه‌ر نه‌گه‌يشتينه ئه‌نجام ده‌كرێت ريفراندۆم بكه‌ين.
هه‌روه‌ها گوتى: پێويسته دانووستان له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره و تارانيش بكرێت، به‌ڵام ئه‌سڵ وايه له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه ئێمه له‌گه‌ڵ به‌غدا قسه بكه‌ين.
ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه‌كرد، ئه‌مه پرۆسه‌يه‌كه، نابێت ئه‌م پرۆسه‌يه بێ كۆتايى بێت و پێويسته بۆخۆمان يه‌ك دوو سيناريۆ دابنێين و به ته‌نيا بڕيار ناده‌ين و ده‌بێت بگه‌ينه ئه‌نجام. له‌گه‌ڵ به‌غدا جه‌وێكى تر هه‌يه و ئه‌و جه‌وه په‌يوه‌ندى به هێزه‌وه هه‌يه.
سه‌رۆكى ديوانى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێمى كوردستان گوتيشى: يه‌كڕيزى ناوخۆ پێويسته بۆ ئه‌وه‌ى له دانووستان بتوانين شت به‌ده‌ستبهێنين. هه‌موو هێزه سياسييه‌كانى ناوخۆى كوردستان بڕوايان به سه‌ربه‌خۆييه و پرسياره‌كه ئه‌وه‌يه كه‌ى بێت و كه‌ى كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ين. ئه‌ويش چاره‌سه‌ر ده‌بێت.
سه‌باره‌ت به سنوورى عێراقيش، فوئاد حوسێن گوتى: سنوورى نێوده‌وڵه‌تى عێراق موقه‌ده‌س نه‌ماوه و كۆمه‌ڵێك شتى نوێ هه‌ن كه ده‌بنه بنه‌ما بۆ سه‌ربه‌خۆيى كوردستان، له‌وانه جينۆسايد، كه له ژيانى ئێمه دووباره ده‌بێته‌وه و له ژيانى ميله‌تان ته‌نيا له مێژوو روويداوه، هه‌ر ئه‌وه هۆيه‌كه بۆ ئه‌وه‌ى سه‌ربه‌خۆ بين، چونكه ده‌وڵه‌ت كه نه‌توانێت بمانپارێزێت ده‌بێت خۆمان هێزمان هه‌بێت و سه‌ربه‌خۆ بيين و بتوانيين خۆمان بپارێزين.