ئيبراهيم برۆ: په‌يه‌ده‌ به‌ هاوكارى رژێمى ئه‌سه‌د چه‌كى كه‌وته‌ ده‌ست

شه‌ش ساڵه‌ خه‌ڵكى سووريا رووبه‌ڕووى مه‌ينه‌تى و كوشتار بوونه‌ته‌وه

K24 – دهۆك:

ئيبراهيم برۆ، سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى نيشتيمانى كورد له‌ سووريا رايگه‌ياند، "به‌داخه‌وه‌ ئه‌مه‌ شه‌ش ساڵه‌ خه‌ڵكى سووريا رووبه‌ڕووى مه‌ينه‌تى و كوشتار بوونه‌ته‌وه‌ و تا ئێستا چاره‌سه‌رى ئه‌وتۆ نييه‌ و ئه‌و چاره‌سه‌ره‌ى بۆ ره‌وشى كورد له‌ سووريا دێته‌ ئاراوه‌ چييه‌".

له‌ باره‌ى خۆڕێبه‌رى ناوچه‌كانى رۆژئاواى كوردستانه‌وه‌، ئيبراهيم برۆ له‌ ميانى كۆنفرانسى زانكۆى ئه‌مريكى دهۆك كه‌ ئه‌مڕۆ رۆژى دووه‌م و كۆتايى كاره‌كانى بوو، ره‌خنه‌ى له‌ خۆڕێبه‌رى په‌يه‌ده‌ گرت و گوتى: "ئه‌وه‌ چاوبه‌سته‌ كه‌ ده‌وترێت كورد ئيدارى خۆى ده‌كات و له‌ ژێر ناوى ئيداره‌ى په‌يه‌ده‌ هه‌رێمى كوردييان له‌ كوردستانى سووريا راگه‌ياندووه‌ و به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌ى كورد دابه‌شبووينه‌ و وه‌ك كورد ئێمه‌ 60 ساڵه‌ خه‌بات ده‌كه‌ين و بۆ مافى خۆمان و ديموكراتى به‌رهه‌ڵستكار بووينه‌".

سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى نيشتيمانى كورد له‌ سووريا هه‌روه‌ها گوتى: "كاتێك ميله‌تى سووريا راپه‌ڕى و كورديش ئاماده‌بوو، زۆر رێككه‌وتن له‌ نێوان لايه‌نه‌ كوردييه‌كاندا هاته‌ ئاراوه‌، به‌ڵام هه‌ڵگرتنى چه‌ك له‌ لايه‌ن يه‌ك لايه‌نه‌وه‌ بووه‌ كێشه‌ و په‌كه‌كه‌ به‌ سه‌دان گه‌ريلاى ده‌ربازى هه‌رێمى كوردى سووريا كرد و ئه‌و كات ده‌يان و سه‌دان گه‌نج هه‌بوون چوونه‌ ريزى لايه‌نه‌ كوردييه‌كان و باشتر بوو كوردى كوردستانى سووريا ده‌ڤه‌رى خۆيان بپارێزن و مه‌خابن يه‌ك لايه‌نى كوردى چه‌كى كه‌وته‌ ده‌ست به‌ هاوكارى رژێمى سووريا".

هه‌روه‌ها گوتيشى: "ئه‌و لايه‌نه‌ى چه‌كى له‌ رژێم وه‌رگرت چى بۆ كوردان كرد و ئێمه‌ ده‌زانيين چ زه‌حمه‌تى به‌سه‌ر كورددا هاتن و ئه‌و زه‌حمه‌تييانه‌ هێشتا ماوون".

ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه‌ كرد، "په‌يه‌ده‌ يه‌كلايه‌نه‌ حوكم ده‌كات و ئايدۆلۆژيايه‌كى هه‌يه‌ كه‌ پێى وايه‌ چى زه‌وى له‌ كورد زه‌وت كراوه‌ ئه‌ردۆغان كردوويه‌تى و ئه‌ردۆغان زمانى كوردى قه‌ده‌غه‌ كردووه‌ و ئه‌و بووه‌ ناسنامه‌ى له‌ كوردى سووريا ئه‌ستاندووه‌ته‌وه‌ و ئه‌وه‌ش راست نييه‌".