مه‌سرور بارزانی: سه‌ربه‌خۆیی كوردستان تاكه رێگایه بۆ ئه‌وه‌ی خۆمان بپارێزین
یاساكانی نێوده‌وڵه‌تی ته‌نیا پشتیوانی له وڵاتانی خاوه‌ن سه‌روه‌ری ده‌كه‌ن
K24 – هه‌ولێر
مه‌سرور بارزانی له په‌یڤی كۆتایی كۆنفرانسی "سه‌ربه‌خۆیی، رووبه‌ڕووبوونه‌وه و ده‌رفه‌ت" له زانكۆی ئه‌مریكی كوردستان ـ دهۆك رایگه‌یاند سه‌ربه‌خۆیی مافێكی سروشتییه و پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه كه‌ی به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی و چۆن هه‌نگاو بنیێن و بۆ داوای سه‌ربه‌خۆیی ده‌كه‌ین و بۆ پێویسته ئێستا ئه‌م داوایه بكرێت.
كۆنفرانسی سه‌ربه‌خۆیی، رووبه‌ڕووبوونه‌وه و ده‌رفه‌ت له زانكۆی ئه‌مریكی كوردستان ـ دهۆك به سپۆنسه‌ری میدیایی كوردستان24 بۆ ماوه‌ی دوو رۆژ به به‌شداری چه‌ندین ئه‌كادیمی، سیاسه‌مه‌تدار، پسپۆر، كه‌سایه‌تی و رۆژنامه‌نووس له‌سه‌ر ئاستی كوردستان، عێراق و جیهان له‌وانه وه‌زیرانی پێشووی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا و عێراق و بالیۆزی پێشووی ئه‌مریكا له عیراق، نێچیرڤان بارزانی، به‌رهه‌م ساڵح و ئیسماعیل بێشكچی به‌ڕێوه‌چوو.
ریسكی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان
مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی بۆردی زانكۆی ئه‌مریكی كوردستان ـ دهۆك راشیگه‌یاند "سه‌ربه‌خۆیی ریسكی تێدایه، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه ناوچه‌كه به‌ره‌و سه‌قامگیریی ده‌بات" و بۆ ئه‌وه‌ش ئاماژه‌ی به باسه‌كانی ئه‌م كۆنفرانسه بۆ ئه‌م مه‌به‌سته كرد و گوتی له كۆنفرانسه‌كه‌دا وه‌ڵامی پوختی ئه‌م پرسه درایه‌وه.
هه‌ر له‌مباره‌وه گوتی ئه‌گه‌ر سه‌یری رابردووی خۆمان بكه‌ین، ده‌بینین پڕه له ماڵوێرانی و ده‌ربه‌رده‌ری، ئه‌و كات داوای سه‌ربه‌خۆییمان نه‌ده‌كرد، به‌ڵام بۆ به شێوه‌یه‌كی وه‌حشیانه دژایه‌تی نه‌ته‌وه‌كه‌مان كرا و رووبه‌ڕووی ماڵوێرانی و كاره‌ساتی وه‌ك ئه‌نفال و كیمیاباران بووینه‌وه.
مه‌سرور بارزانی به ئاماژه پێدان به‌وه‌ی كه پرسه‌كه ریسك، یان سه‌قامگیری و ناسه‌قامگیری نییه، گوتی "رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌ر بۆ خۆی ناوچه‌یه‌كی ناسه‌قامگیره، نه‌ك ته‌نیا له‌گه‌ڵ كورد، به‌ڵكو وڵاتانی ناوچه‌كه له‌گه‌ڵ خۆشیان له كێشه و گرفتدان. ئه‌زموونی بوونی ده‌وڵه‌تی كوردستان‌مان له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست نه‌دیوه بۆ ئه‌وه‌ی بزانین چه‌ند هۆكاری سه‌قامگیرییه یان نا، به‌ڵام نه‌بوونی ده‌وڵه‌تی كوردیمان دیوه كه تا چه‌ند نه‌هامه‌تی بۆ گه‌ڵی كوردی هه‌بووه".
هه‌ر له‌مباره‌وه گوتی "ریسك ئه‌وه‌یه به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی نه‌چین، پێشتر دیتمان چۆن مافمان خۆڕا و ریسكی دووباره بوونه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌زموونه‌ی رابردوو له ئارا دایه، هه‌ر بۆیه ده‌وڵه‌ت تاكه رێگایه بۆ ئه‌وه‌ی خۆمان بپارێزین".
یاساكانی نێوده‌وڵه‌تی پشتگیریی له وڵاتانی خاوه‌ن سه‌روه‌ری ده‌كه‌ن
له به‌رده‌وامی ئه‌م بابه‌ته ئاماژه‌ی به جیاوازی نێوان كوردستان و كوه‌یتی كرد و گوتی "له رابردوودا كیمیاباران و ئه‌نفال كراین، ئایا هیچ یاسایه‌كی نێوده‌وڵه‌تی یان وڵاتێك هات بڵێت نابێت كورد قڕ بكرێت، به‌ڵام كاتێ عێراق كوه‌یتی داگیر كرد، بڕیاری نێوده‌وڵه‌تی ده‌ركرا، چونكه خاوه‌ن سه‌روه‌ری بوو".
هه‌روه‌ها گوتی بۆ پاراستنی خۆمان ناچارین داوای سه‌ربه‌خۆیی بكه‌ین، چونكه نه به یه‌كسان قبووڵیان كردین و نه ئاماده‌بوون رێزمان بگرن و نه ئاماده‌بوون ژیانمان بپارێزن. داوای سه‌ربه‌خۆیی ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه ئه‌و ئه‌نفال و كیمیابارانه‌ی رابردوو دووباره نه‌بنه‌وه، ئه‌مه‌ش ته‌نیا به شێوه‌یه‌ك ده‌كرێت یاسای نێوده‌وڵه‌تی پشتگیریمان بكات. یاسای نێوده‌وڵه‌تی ته‌نیا پشتیوانی له وڵاتانی خاوه‌ن سه‌روه‌ری ده‌كات، پشتیوانی له نه‌ته‌وه ناكات، وه‌ك نه‌ته‌وه‌ی كورد نه‌مانبینیوه پشتیوانی له گه‌ڵی كورد بكات به‌رامبه‌ر ئه‌و كاره‌ساتانه‌ی به‌سه‌ریدا هاتوون. بۆیه پێویسته به پێی یاسای نێوده‌وڵه‌تیش داوای پاراستنی خۆمان بكه‌ین، ئه‌وه‌ش ته‌نیا به سه‌روه‌ری وڵاتاندا ده‌كرێت و پێویسته به‌ره‌و ئه‌وه هه‌نگاو بنێین و سه‌روه‌ری كوردستان ببێته پارێزه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌مان و وڵاته‌كه‌مان له داهاتوودا.
بۆ ئه‌وان حه‌ڵال و بۆ ئێمه حه‌ڕام
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا له‌باره‌ی پرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، مه‌سرور بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ی كرد "ئه‌و برا عه‌ره‌ب و ئێرانی و توركانه‌ی ده‌ڵێن برای یه‌كترین و جیاوازیمان نییه، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یە ئه‌گه‌ر برای یه‌كترین بۆ ئه‌و شته بۆ ئێوه حه‌ڵاله بۆ ئێمه حه‌ڕام بێت. هه‌موو مافێكتان هه‌یه، خاوه‌نی وڵاتی خۆتانن و ده‌وڵه‌ت و سه‌روه‌ری خۆتانن، به‌ڵام به ئێمه‌ی كورد بڵێی برای منی، به‌ڵام له من كه‌متری، بۆ ئێمه به كه‌متر رازی بین، ئه‌وه پرسیارێكه ده‌بێت له خۆمان بكه‌ین. له‌مه‌ودوا كورد نابیت گله‌یی له كه‌س بكات، ئه‌گه‌ر هه‌نگاو به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی نه‌نێت، پێویسته ته‌نیا گله‌یی له خۆی بكات".
هه‌ر له باره‌ی په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دوروبه‌ر گوتی "پێمان خۆشه باشترین په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ به‌غدا، تاران، ئه‌نقه‌ره و دیمه‌شق هه‌بێت، ده‌مانه‌وێت هاوبه‌ش بین و یه‌كسان بین و له ئاست ئه‌واندا بین، نه‌ك ژێرده‌ست بین. سه‌رده‌می ژێر ده‌ستی و كۆیلایه‌تی نه‌ما و ده‌بێ یه‌كسان بین، داوای هیچ شتێكی زیاتر له هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك ناكه‌ین، به‌ڵام نامانه‌وێت پاشكۆی هیچ وڵاتێكی دیكه‌ش بین".
له كۆتاییدا هه‌روه‌ها گوتی: "هیوادارین ئه‌و كۆنفرانسه ده‌ستپیكی باش بێت بۆ ئه‌وه‌ی كورد بگاته ئامانجه‌كانی و په‌نجه مۆری هه‌موو تاكێكی كوردستانى له‌سه‌ر به‌ڵگه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ببینین".