هەولێر و زاخۆ لە خولی نایابی عێراق دەکشێنەوە
بەهۆی رووداوەکانی ئەمڕۆی یاریی هەولێر و نەجەف
K24- هەولێر
یانەکانی هەولێر و زاخۆ بەهۆی رووداوەکانی ئەمڕۆی یاریی نێوان نەجەف و هەولێر بڕیاریان دا لە یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی نایابی عێراق بکشێنەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ دوای کۆبوونەوەی سەرۆکی یانەکانی هەولێر و زاخۆ، هەردوو یانە کوردستانییەکە بڕیاریان دا لە خولەکە پاشەکشە بکەن و چیدیکە بەشداریی یارییەکانی خولەکە نەکەن، کە تاکو ئێستا 12 گەڕ لە خولەکە بەڕێوەچووە و هەولێر بە کۆکردنەوەی 13 خاڵ لە خانەی سێزدەمین دێت و زاخۆش 7 خاڵی هەیە و لە خانەی حەڤدەمینی خولەکە دێت.
لە یاریی ئەمڕۆی نەجەف و هەولێر کە یانەکەی پایتەختی باشووری کوردستان بە گۆڵێکی بێبەرامبەر دۆڕا، هاندەرانی یانەی نەجەف چەندان دروشمی ناشرین و رەگەزپەرستانەیان دژی یاریزانانی قەڵاومنارە گوتبووەوە و کوڕانی هەولێریان بە "داعش" وەسفکردبوو، ئەمەش لەسەر ئاستی میدیاکانی کوردستان کاردانەوەی لێکەوتەوە.
وەرزی رابردووش هەمان سیناریۆ لە دژی یانەکانی کوردستان دووبارە بووەوە و لە چەندان یاریدا یاریزانانەی یانە کوردستانییەکان بە "داعش" ناوزەدکرابوون.