پرۆژه‌ی كامێراكانی چاودێری پایته‌خت پێش له دایكبوونی مرد
كامێرا‌كان نه‌یانتوانیووه ته‌قینه‌وه‌كان كه‌م بكه‌نه‌وه
K24 – هه‌ولێر:
دوای رۆژێك له كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ری ئه‌لیكترۆنی كامێراكانی چاودێری له به‌غدا، كه به ئامانجی كه‌مكردنه‌وه و رێگه‌گرتن له ته‌قینه‌وه‌كان و باشتكردنی ره‌وشی ئه‌منی شاره‌كه دانرابوو،ژماره‌یه‌ك بۆمبی چێنراو له شاری به‌غدا ته‌قینه‌وه و پرسیاری ئه‌وه درووست بووه كه پرۆژه‌كه به‌ر له‌وه‌ی له دایك ببێت مردووه؟
له ئاهه‌نگی كردنه‌وه‌ی ئه‌و سه‌نته‌ره ئه‌لیكترۆنییه گه‌وره‌یه‌دا سیاسی و به‌رپرسان پرۆژه‌كه‌یان به گه‌وره ناو ده‌بر له‌و كاته‌ی په‌تی كردنه‌وه‌ی ناوهندهكایان بڕی،ئاماژه‌یان به‌وه‌شكرد كه ئه‌و ناوه‌نده به پێوه‌ره پێشكه‌وتووه‌كانی جیهانی نوێی ئه‌لیكترۆنی كار ده‌كات، به‌ڵام هه‌ر رۆژێك دوای كردنه‌وه‌ی ده‌نگی بۆمبه‌كان گوێی خه‌ڵكی له سه‌ر شه‌قامه‌كانی به‌غدا زرینگانده‌وه.
عه‌لی ته‌میمی پارێزگاری به‌غدا پرۆژه‌كه‌ی به دیارترین پرۆژه ناوبرد كه سێره له هه‌موو جموجووڵه‌كانی سه‌ر شه‌قامه‌كانی شاره‌كه ده‌گرێت و جوڵه‌ی نامۆی تیرۆریسته‌كان ئاشكرا ده‌كات،چونكه ته‌كنه‌لۆژیای پێشكه‌وتوو له‌و ناوه‌نده‌دا به‌كارهاتووه جیاوازه له ئامێره كلاسیكییه‌كانی دیكه كه له لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه‌كان به‌كارده‌هێنرێت.
ئه‌م سه‌نته‌ره ئه‌لیكترۆنییه دڵی هاوڵاتیانی خۆشنهكردووه و به‌شێكیان گوومانی ئه‌وه ده‌كه‌ن ئه‌ویش وه‌ك پرۆژه‌ی (بازی به‌غدا) وابێت و ته‌نها به‌فیڕۆچوونی پاره و به هه‌ده‌ردانی سامانی میلله‌ت بێت،چونكه ئه‌و پرۆژه‌ش نه‌یتوانی رێگه له كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ی وه‌ك كهڕاددهی به‌غدا بگرێت.
ئه‌و دوو دڵییهش له جێگه‌ی خۆیدایه چونكه ته‌نها شه‌وێك تێپه‌ڕی و چه‌ندین كرده‌ی ته‌قینه‌وه و كوشتن له شاره‌كه‌دا روویدا، سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی شاره‌كه ئاشكرایكرد" چه‌ند چه‌كدارێك كه‌سێكی سڤیلیان كوشتووه و بڕی 50 ملیۆن دیناریان بردووه كه به كه‌سه كوژراوه‌كه بووه،سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش چه‌ندین بۆمبی چێنراو له شه‌قام و ناوچه جیاجیاكانی به‌غدا ته‌قینه‌وه".
یه‌كێك له‌و بۆمبانه له ناوچه‌ی به‌ییاع له باشووری شاری به‌غدا ته‌قییه‌وه و به‌هۆیه‌وه دوو كه‌سی سڤیل كوژران و 5 كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون،ته‌رمی كه‌سێكیش له ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ی شاره‌كه دۆزرایه‌وه.
هه‌ر بۆیه ئه‌و پرسیاره لای خه‌ڵكی به‌غدا درووست بووه، ئه‌گه‌ر شه‌قام و ناوچه‌كانی پایته‌خت به كامێرا چاودێری ده‌كرێن،چۆن نه‌بینراوه كه كه‌سانێك خه‌ریكی دانانه‌وه‌ی بۆمب و كوشت و بردنی پاره‌ی هاوڵاتیانن.