هه‌ده‌په باره‌گاكانی چوڵ ده‌كات
وه‌زاره‌تی ناوخۆی توركیا تۆمه‌ته‌كانی ره‌ت ده‌كاته‌وه
K24 – هه‌ولێر
گوته‌بێژی هه‌ده‌په ئایهان بیلگه‌ن رایگه‌یاند بۆ پێشیگرتن به هاندان، ته‌واوی باره‌گاكانیان چوڵ كردووه و به‌رپرسانی حكومه‌تیش وه‌ڵامی ته‌له‌فۆنه‌كانیان ناده‌نه‌وه.
هه‌ر پاش لێدوانی گوته‌بێژی هه‌ده‌په، وه‌زاره‌تی ناوخۆیی توركیا له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند وه‌ڵامنه‌دانه‌وه‌ی ته‌له‌فۆنه‌كانی هه‌ده‌په و بێ ده‌نگی هێزه‌كانمان به‌رامبه‌ر هێرشكردنه سه‌ر باره‌گاكانیان دووره له راستییه‌وه.
به‌پێی هه‌واڵیكی حوورییه‌ت، ئایهان بیلگه‌ن هاوكات په‌رله‌مانتاری شاری قه‌رسی هه‌ده‌په‌یه رایگه‌یاند: "باره‌گایه‌كمان له ناوچه یه‌نی موحه‌له‌ی ئه‌نقه‌ره سوتێنرا، ته‌له‌فۆنمان بۆ ئاسایش كرد، كه‌س وه‌ڵاممان نه‌دایه. ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له باره‌گایه‌كمان له ناوچه‌ی بێیلیكدوزوی ئیستانبوڵ روویدا. له ناوچه‌ی باغلاری ئیستانبوڵ هه‌وڵیاندا بچنه ناو باره‌گاكه‌مان. له ناوچه ئوسكوداری ئیستانبوڵ به ته‌كبیر به‌رده‌م باره‌گاكه‌مان كۆ بوونه‌وه. له شاری قونییه ناوی به‌رپرسانمان له ئینته‌رنێت بڵاو كرایه‌وه. له شاری ئه‌رزینجار، تابلۆی حزبه‌كه‌مانیان هێناوه‌ته خواره‌وه. له ئه‌نقه‌ر پێنج كه‌س به پێلاقه له ده‌رگای باره‌گای سه‌ره‌كی هه‌ده‌په‌یان دا، پۆلیسی ئه‌وانی له‌گه‌ڵ خۆی برد، به‌ڵام پاشان سێ كه‌سی دیكه هاتن ئه‌و كاره‌یان كرد".
گوته‌بێژی هه‌ده‌په هه‌ر له‌مباره‌وه گوتی "بۆ پێیشیگرتن به هاندان ته‌واوی باره‌گاكانمان داخست و هیچ به‌رپرسێكی حكومه‌ت وه‌ڵامی ته‌له‌فۆنه‌كانمان ناداته‌وه، ئه‌وه چاوپۆشی كردنێكی ئاشكرایه".
وه‌زاره‌تی ناوخۆی توركیا له به‌یاننامه‌یه‌كدا كه له ماڵپه‌ره‌كه‌ی بڵاوی كردووه‌ته‌وه رایگه‌یاند: "لێدوانی پارتێكی سیاسی سه‌باره‌ت به نه‌بوونی رێوشوێن له لایه‌ن هێزه‌كانمان به‌رامبه‌ر هێرشكردنه سه‌ر باره‌گاكانی و هه‌روه‌ها وه‌ڵامنه‌دانه‌وه‌ی ته‌له‌فۆنه‌كانیان له لایه‌ن به‌رپرسانه‌وه دووه‌ره له راستییه‌وه".
پاش ته‌قینه‌وه‌ی رۆژی شه‌ممه 17 كانوونی یه‌كه‌می 2016 له شاری قه‌یسه‌ری له ناوه‌ڕاستی توركیا كه به‌هۆیه‌وه 14 سه‌رباز كوژران و 55 دیكه‌شی بریندار بوون، به درێژایی شه‌وی رابردوو زنجیره هێرشێك بۆ سه‌ر باره‌گاكانی هه‌ده‌په له چه‌ندین شاری جیاوازی توركیا لێكه‌وته‌وه.