هه‌ده‌په مه‌رجه‌كانی بۆ ده‌نگدان به سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی ئاشكرا ده‌كات
به دابینكردنی ئه‌م دوو مه‌رجانه پشتیوانی له سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی ده‌كه‌ین
K24 – هه‌ولێر
هه‌ده‌په به مه‌رجی پێدانی قه‌واره‌یه‌كی سیاسی و په‌روه‌رده‌ی به زمانی كوردی ئاماده‌یه ده‌نگ به سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی توركیا بدات.
له پرۆژه‌ی یاسای ده‌ستووری نوێی توركیا كه به هاوبه‌شی پارتی ده‌سه‌ڵاتداری داد و گه‌شه‌پێدان و بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ـ مه‌هه‌په ئاماده كراوه، سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی شوێنی سیسته‌می په‌رله‌مانی ده‌گرێته‌وه و ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكوه‌زیران بۆ سه‌رۆك كۆمار ده‌گوازرینه‌وه و هێزه سه‌ربازی و ئه‌منییه‌كان راسته‌وخۆ سه‌ر به سه‌رۆك كۆمار ده‌بن.
په‌رله‌مانتاری هه‌ده‌په قه‌دری یلدرم له‌مباره‌وه پێداگری له‌سه‌ر دوو مه‌رج وه‌ك داواكاری سه‌ره‌كی كرد بۆ ده‌نگدان به سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی، ئه‌ویش مافی په‌روه‌رده‌ی به زمانی دایك و دابینكردنی قه‌واره‌یه‌كی كوردییه له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی توركیا.
گوتیشی به مه‌رجی گڕهنتیكردنی هه‌ردوو مه‌رج و جێگیركردنی له ده‌ستووری نوێ‌دا، هه‌ده‌په ئاماده‌یه پشتیوانی له سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی بكات و ئه‌وكات هیچ بیانوویه‌كی نامێنێت بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی، به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ر مافی په‌روه‌رده به زمانی كوردی و قه‌واره‌یه‌كی كوردی ره‌ت بكرێته ده‌نگ به ده‌ستووری نوێ ناده‌ن هه‌ر ناوێكی له‌سه‌ر بێت چ سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی بێت یان په‌رله‌مانی.
له ماوه‌ی دووساڵی رابردوو هه‌ر چوار پارتی ناو په‌رله‌مانی توركیا له كۆمیسیۆنێكی هاوبه‌شدا بۆ ئاماده‌كردنی ده‌ستوورێكی نوێ له‌سه‌ر ده‌یان ماده رێككه‌وتن، به‌ڵام به گه‌یشتنیان به ماده‌كانی تایبه‌ت به ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆك كۆمار، پێكه‌وه كاركردنیان شكستی خوارد و ئاكپارتی پاش كوده‌تای 15 ته‌موزی رابردوو به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ مه‌هه‌په ده‌ستی به ئاماده‌كردنی ده‌ستوورێكی نوێ كرد كه تێیدا هیچ ئاماژه‌یه‌ك به كورد و مافه‌كانی نه‌كراوه.