وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی بێنێلوكس بۆ ئه‌م مه‌به‌سته سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كردووه
له كێشه سیاسی، ئابووری و سه‌ربازییه‌كانی هه‌رێم ئاگادار ده‌كرێنه‌وه
K24 – هه‌ولێر
وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رسێ وڵاتی به‌لژیكا، هۆله‌ندا و لوكسه‌مبۆرگ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه چالاكه‌كانیان له هه‌ولێر ده‌ستپێكرد و له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆ بوونه‌وه.
وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی بێنێلوكس BENELUX رەوشی ناوچەكە و دوا پێشهاتەكانی شەڕی دژی داعش لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان تاوتوێ ده‌كه‌ن، هه‌ر وه‌ك له هه‌واڵێكی ماڵپه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم هاتووه.
سه‌یوان بارزانی باڵیۆزی عێراق له هۆله‌ندا به‌ر له ده‌ستپێكردنی كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی بێنلوكس له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم و جێگره‌كه‌ی به كوردستان24 رایگه‌یاند ره‌وشی ئاواره‌كان و راهێنانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و چه‌ندین پرسی دیكه له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌رێمی تاوتوێ ده‌كه‌ن، كه هه‌ردوو وڵاتی هۆله‌ندا و به‌لژیكا مه‌شق و راهێنان به هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ده‌كه‌ن.
گوتیشی له به‌غدا باسیان له په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر و هه‌روه‌ها پاك كردنه‌وه‌ی ناوچه‌كان له مین و شه‌ڕی دژی داعشیان كرد.
وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانى بێنلۆكس شه‌وی رابردوو له فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر له لایه‌ن نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم پێشوازییان لێكرا.

گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند سه‌ردانى وه‌زيرانى ده‌ره‌وه‌ى وڵاتانى بێنێلوكس سه‌ركه‌وتێكی دیپلۆماسییه و پیگه‌ی هه‌رێمی كوردستان و پێشمه‌رگه زیاتر به هێزتر ده‌كات.
سه‌فین دزه‌یی به كوردستان24 رایگه‌یاند سه‌ردانی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌ر سێ وڵاتى هۆڵه‌ندا، به‌لجیكا، لۆكسه‌مبۆرگ بۆ ده‌ستخۆشی كردنه له هه‌رێمی كوردستان و له هه‌مان كاتیش‌دا گوێبیستی سه‌ركردایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌ت ده‌بن بۆ ئه‌وه‌ی بزانن چ گرفتێكیان هه‌یه له بواری ئابووری، سیاسی و سه‌ربازییه‌وه.
گوتیشی ئێمه وه‌كو حكومه‌تی هه‌رێم باسی ره‌وشه‌كه ده‌كه‌ین، به هیوای ئه‌وه‌ی زیاتر پاڵپشت و هاوكار بن چ له رووی مه‌عنه‌وی بێت یان مرۆیی.
به‌پێی هه‌واڵێكی ماڵپه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی، وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رسێ وڵات سەردانی ئەو بنكانەی مەشق و ڕاهێنان ده‌كه‌ن كە لەلایەن وڵاتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بۆ مەشق و راهێنان بە هێزی پێشمەرگە لە هەرێمی كوردستان كراونەتەوە.
وڵاتانی BENELUX یەكێتییەكی ئابووری ـ سیاسییە لە ساڵی 1944 لە نێوان ھەرسێ وڵاتی بەلژیكا، ھۆلەندا و لوكسمبۆرگ دامەزرا، ئه‌و كاته‌ی كه وڵاته‌كانیان له لایه‌ن ئه‌ڵمانیاوه داگیركرابوو و له له‌نده‌نی ریككه‌وتننامه‌كه‌یان ئیمزا كرد و له ساڵی 1947 كاری پێكرا و بە یەكێتی بێنلوكسی ئابووری ناسراوە.

