ھاووڵاتیانی مووسڵ دوور لە یاساكانی داعش ژیانێكی نوێ دەست پێدەكەنەوە

"ئەگەر قژمان بە دڵی داعش چاك نەكردبا 10 جەڵدەیان لێدەداین وەك سزا لە یاساكانی ئەوان"

K24 - مووسڵ

یەکەم سەرتاشخانە لە گەڕەکە ئازادکراوەکانی مووسڵ کرایەوە، ئەو سەرتاشخانەیە ئەمجارە دوور لەو یاسایانەی داعش داینابوون، قژ و ریشی ھاووڵاتیانی شارەکە چاک دەکات، خەڵکی مووسڵیش دەڵێن، دوای ئازادبوونیان لە دەستی داعش، یەکەم کاریان دووبارە رێکخستنەوەی سەرو سیماینە بەو شێوەیەی خۆیان دەیانەوێت دوور لە یاساكانی داعش كە بە سەریدا سەپاندبوون.

موھەنەد جیھاد یەكێكە لە حەلاقەكان كە دەستیان بەكاركردووەتەوە ئەو دەڵێ: "ئێستا ژیان بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت و خەڵكی دێن قژیان چاك دەكەن، پێشتر ھاووڵاتیان نەدەھاتن چونكە قەدەغە بوو".

بەردەوام لە سەرتاشخانەکەی موھەنەد کۆمەڵێک گەنج و منداڵ و پیر بۆ دووبارە رێکستنەوەی سەرو سیمایان نۆرەیان گرتووە، محەمەد مێرمنداڵێکی کوردی شەبەکە، ئەو باس لەوە دەکات ھەر کاتێک گەنجانی گەڕەک قژیان بە دڵی داعش نەبووایە سزاکەی 10 جەڵدە بوو، دواتریش بۆ رێگری کردن لە دووبارە نەکردنەوەی بە نووسراوێک ماڵەوەی گەنجەکەیان ئاگادار دەکردەوە.