قوربانیانی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی كۆیه به خاك ده‌سپێردرێن
چوار پێشمه‌رگه‌ی حدك و دوو ئه‌ندامی ئاسایش و ئه‌ندامێكی یه‌كێتی لاوانی دیموكرات شه‌هید بوون و سێ كه‌سی دیكه‌شی برینداربوون
K24 – هه‌ولێر
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 21 كانوونی یەكەمی 2016 قوربانیانی هه‌ردوو ته‌قینه‌وه‌كه‌ی كۆیه له مه‌راسیمێكدا به خاك سپێردران.
كاتژمێری 22:00 شه‌وی سێشه‌ممه كه هاوكاته له‌گه‌ڵ شه‌وی یه‌ڵدا، درێژترین شه‌وی ساڵ و ساڵیادی له دایكبوونی د. عه‌بدولڕه‌حمان قاسملوو سكرتێری پێشووی حزبی دیموكرات، دوو ته‌قینه‌وه‌ی یه‌ك له دوای یه‌ك به‌رده‌م مه‌كته‌بی سیاسی حدك كه به قه‌ڵای دیموكرات ناسراوه روویاندا و به‌هۆیه‌وه چوار پێشمه‌رگه و دوو ئه‌ندامی هێزه‌كانی ئاسایش و ئه‌ندامێكی یه‌كێتی لاوانی دیموكرات شه‌هید بوون و سێ كه‌سی دیكه‌شی برینداربوون.
مه‌كته‌بی سیاسی حدك له به‌یاننامه‌یه‌كدا ناسنامه‌ی قوربانیانی ته‌قینه‌وه‌ی دوێنێ ئاشكرای كرد ، بێ ئه‌وی كه هیچ لایه‌نێك به ئه‌نجامدانی تۆمه‌تبار بكات رایگه‌یاند لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر چۆنییه‌تی رووداوه‌كه به‌رده‌وامه.
مه‌راسیمی به خاكسپاردنی شه‌هیدانی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی دوێنێ به ئاماده‌بوونی سه‌ركردایه‌تی هه‌ردوو حزبی دیموكرات و كادر و ئه‌ندامان و خێزانه‌كانیان و به‌رپرسانی ئیداری و ئه‌منی له كۆیه به‌ڕێوه‌چوو و كوردستان24 به‌شێك له مهراسمیهكه راسته‌وخۆ بۆ بینه‌رانی گواسته‌وه.
هه‌ردوو ته‌قینه‌وه‌ی یه‌ك له دوای یه‌ك پاش كۆتاییهاتنی مه‌راسیمی ساڵیادی له دایكبوونی د. قاسملوو و شه‌وی یه‌لدا له به‌رده‌م دوكانێكی به‌رامبه‌ر قه‌ڵای دیموكرات روویاندا.
له كاتی به‌ڕێوه‌چوونی مه‌راسیمی به خاكسپاردنی قوربانیان، به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی كۆیه رایگه‌یاند "بریندارێكی دیكه‌ی ته‌قینه‌وه‌كه له نه‌خۆشخانه گیانی له‌ده‌ستدا و ئه‌ندامی هێزه‌كانی ئاسایش بوو".
كه‌ماڵ كه‌ریمی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی حدك له كاتی مه‌راسیمی به خاكسپاردنی قوربانیان به كوردستان24 رایگه‌یاند "هه‌ندێ سه‌ره‌داو به‌ده‌ستیان كه‌وتووه و به یارمه‌تی هێزه‌كانی ئاسایش به‌رده‌وامن له لێكۆڵینه‌وه بۆ ده‌ستهێنانی زانیارییه‌كی ورد له‌باره‌ی ته‌قینه‌وه‌كه و دواتر بۆ رای گشتی بڵاو ده‌كه‌نه‌وه".