خالید عه‌زیزی: به تیرۆر وه‌ڵامی تیرۆر ناده‌ینه‌وه
شه‌وی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی كۆیه دوو په‌یامی گرنگ بۆ كورد له رۆژهه‌ڵات و ئێران هه‌بوو
K24 – هه‌ولێر
خالید عه‌زیزی له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانی، كۆماری ئیسلامی ئێران به "هۆكاری نائه‌منی ناوچه" تۆمه‌تبار كرد و رایگه‌یاند "په‌یامی ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیانی د. قاسملوو به تیرۆر وه‌ڵام ده‌داته‌وه".
خالید عه‌زیزی سكرتێری گشتی حدك له مه‌راسیمی به خاكسپاردنی قوربانیانی ته‌قینه‌وه‌ی شه‌وی رابردووی كۆیه به ئاماژه‌پێدان به شه‌وی یه‌ڵدا و ساڵیادی له دایكبوونی د. قاسملوو رایگه‌یاند "ئه‌و شه‌و دوو په‌یامی گرنگی هه‌بوو، یه‌كێكیان ئه‌وه‌ی كه كورد و ئێرانییه‌كان پێكه‌وه داده‌نیشن و نه‌خشه‌ی داهاتووی خۆیان داده‌رێژن و له لایه‌كی دیكه‌وه ساڵیادی له دایكبوونی د. قاسملوویه كه له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ی پرسی كورد بوو و له‌م پیناوه‌شدا له ئه‌وروپا له كاتی دانوستان تیرۆر كر"ا.
له درێژه‌ی قسه‌كانیدا گوتی "تیرۆر و سیاسه‌تی تێكده‌رانه‌ی كۆماری ئیسلامی ده‌ره‌نگ یان زوو به‌ره‌وڕووی خه‌بات و به‌ربه‌ره‌كانێیه‌كی زۆری كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك ده‌بێته‌وه".
لێدوانی عه‌زیزی له كاتێك دایه كه حدك له به‌یاننامه‌كه‌یدا هیچ لایه‌نێك به ئه‌نجامدانی ته‌قینه‌وه‌كه تۆمه‌تبار نه‌كرد و ته‌نیا ئاماژه به به‌رده‌وامی لێكۆڵینه‌وه‌كان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته كرد.
سكرتێری حدك ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا "رێبه‌رانی حزبی دیموكرات و زۆرێك له كادره‌كانی تیرۆر كران، به‌ڵام هه‌رگیز په‌نای بۆ تیرۆر نه‌برد. جارێكی دیكه‌شی تیرۆر به تیرۆر وه‌ڵا ناده‌ینه‌وه".
كاتژمێری 22:00 شه‌وی سێشه‌ممه 20 كانوونی یه‌كه‌می 2016 هاوكات له‌گه‌ڵ شه‌وی یه‌ڵدا، درێژترین شه‌وی ساڵ و ساڵیادی له دایكبوونی د. عه‌بدولڕه‌حمان قاسملوو سكرتێری پێشووی حزبی دیموكرات، دوو ته‌قینه‌وه‌ی یه‌ك له دوای یه‌ك به‌رده‌م مه‌كته‌بی سیاسی حدك كه به قه‌ڵای دیموكرات ناسراوه روویاندا و به‌هۆیه‌وه چوار پێشمه‌رگه و دوو ئه‌ندامی هێزه‌كانی ئاسایش و ئه‌ندامێكی یه‌كێتی لاوانی دیموكرات شه‌هید بوون و سێ كه‌سی دیكه‌شی برینداربوون.