حزبی دیموكراتی كوردستان بەیاننامەیەك لەبارەی تەقینەوەكانی كۆیە بڵاودەكاتەوە
"ئامانجی تەقینەوەكان كوشتنی زۆر لە تێكۆشەرانی دیموكرات بوو لە یەلە یەکەم ساتەکانەوە، گومانمان نەبوو کە رژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پشت ئەم پیلانە تیرۆریستیەوەیە"
K24 – ھەولێر
لە بەیاننامەكدا حزبی دیموكراتی كوردستان لەبارەی تەقینەوەكانی شەوی یەڵدا لە نزیك دەفتەری سیاسی حدك لە قەزای كۆیە رایدەگەیەنێت: "ئامانجی تەقینەوەكان كوشتنی زۆر لە تێكۆشەرانی دیموكرات بوو، لە یەکەم ساتەکانەوە، گومانمان نەبوو کە رژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پشت ئەم پیلانە تیرۆریستیەوەیە، لێدوان و وتووێژو روونکردنەوەکانی دواتری بەرپرسانی حیزبی ئێمە لە پێوەندی لە گەڵ ئەم تەقینەوەیەدا، پێداگری بووە لە سەر ناساندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک سەرچاوەی ئەسڵیی ئەنجامدانی ئەم تاوانە تیرۆریستییە".
لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكە ھاتووە: "جگە لەم کارنامە ڕەشە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تیرۆری تێکۆشەرانی سیاسیی نەیاری ئەو رێژیمە لە ھەرێمی کوردستاندا ھەیەتی، لە مانگەکانی رابردوودا، فەرماندەرانی سوپای پاسداران بە ئاشکراو بەردەوامی ھەڕەشەیان کردوە کە لە نێوخۆی ھەرێم و لە ھەر جێیەک بە پێویستی بزانن، زەبر لە دیموکراتەکان و بنکە و بارەگاکانیان دەوەشێنن".
حدك لەو بەیاننامە دەشڵێت: "تاوانی تیرۆریستیی کۆماری ئیسلامی لە دژی حیزبی دیموکراتی کوردستان، ھەم لە نێوخۆی رۆژھەڵات و ھەم لە نێو کوردەکانو ئێرانییەکانی دەرەوەی وڵات، شەپۆلێکی بەرین لە ھاوخەمی و ھاوپێوەندی لەگەڵ حیزبی ئێمە وەڕێ خستوە. دڵسۆزانو ھۆگرانی حیزب لە نێوخۆ لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە پێوەندییان بە بەرپرسانو تێکۆشەرانی حیزبەوە گرتوە، ئەو تاوانە دڕندانەیان مەحکووم کردوەو ھاوخەمیو پشتیوانیی خۆیان بە حیزبی دیموکراتی کوردستان راگەیاندوە. لە دەرەوەی وڵاتیش، جینایەتی تازەی کۆماری ئیسلامی بووە بە ھۆی تووڕەیی کوردەکان و کۆڕو کۆمەڵی سیاسیی ئێرانی".
دەقی بەیاننامەكەی حزبی دیوكراتی كوردستان
خەڵکی رۆژھەڵاتی کوردستانو ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە ھەموو بەشەکانی کوردستان!
ھێزو رێکخراوو کەسایەتییە کوردستانیو ئێرانییەکان!
دامەزراوە حکوومییەکان لە ھەرێمی کوردستان!
کۆنسۆڵخانەو نوێنەرایەتییەکانی وڵاتانی جیھان لە ھەرێمی کوردستان!
ناوەندە ناوچەییو نێودەوڵەتییە مرۆڤدۆستەکان!
شەوی 1ی بەفرانباری ئەمساڵ (21ی دیسامبری 2016)، مەراسمێکی کولتووری بە بۆنەی شەوی یەلدا(86ساڵەی لە دایکبوونی د.قاسملوو) لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان کە بە ئیبتیکاری یەکیەتیی لاوانی دیموکراتی رۆژھەڵاتی کوردستانو بە بەشداریی بنەماڵەو تێکۆشەرانو ئەندامانی ئەم حیزبە پێک ھاتبوو، کرا بە ئامانجی تەقینەوەی تێرۆریستی. ڕاست لە کاتی تەواوبوونی بەرنامەکەدا، بۆمبێک لە نزیک شوێنی بەڕێوەچوونی مەراسمەکە، لە پەنا فرۆشگەیەکو لە تەنیشت ڕێگای ھاتوچۆی گشتیی ھەڕمۆتە – کەمپی “ئازادی” تەقێندرایەوە. کاتێک کۆمەڵێک لە پێشمەرگەکانی دیموکراتو پۆلیسەکانی بنکەی ئاسایش لەو نزیکانە، بۆ فریاکەوتن دەگەنە شوێنی ڕووداوەکە، بۆمبی دووھەمیش دەتەقێندرێتەوەو لە ئاکام دا دەسبەجێ 6کەس گیانیان لە دەست دەدەن. 4 کەسیش بریندار دەبن کە یەکێک لە بریندارەکان دوازدە سەعات دواتر بە داخەوە گیانی لە دەست داو بەم جۆرە ژمارەی شەھیدەکانی ئەم کردەوە تیرۆریستییە بووە7 کەس(5تێکۆشەری دیموکراتو دوو پۆلیسی ئاسایش).
نیشانەکانو زانیارییەکان دەری دەخەن کە ئامانج لەو تەقینەوەیە، کوشتنی ژمارەیەکی ھەر چی زیاتر لە تێکۆشەرانو بنەمالەکانی دێموکرات بووە. بەو ھۆیەشەوە کە نەیانتوانیوە بۆمبەکان بێننە نێو ھۆڵی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە، نزیکترین شوێن لەو ھەدەفەیان- کە خەڵک لە کاتی تەواو بوونی بەرنامەکەدا لێی کۆ دەبنەوە- ھەڵ بژاردوە. حیزبی دیموکراتی کوردستان لە یەکەم ڕاگەیەندراودا بە مەبەستی ھەر چی زووتر ئاگادار کردنی بیروڕای گشتی لەم ڕووداوە، تەنیا ڕوودانی تەقینەوەکەو ڕادەی زیانو قوربانییە گیانییەکانی بە ئاگاداریی ھەموو لایەک گەیاندو قامکی تاوانبار کردنی بۆ لایەنێکی دیاریکراو، ڕانەداشت. بەڵام ھەر لە یەکەم ساتەکانەوە، گومانمان نەبوو کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پشت ئەم پیلانە تێرۆریستیەوەیە. لێدوانو وتووێژو ڕوونکردنەوەکانی دواتری بەرپرسانی حیزبی ئێمە لە پێوەندی لە گەڵ ئەم تەقینەوەیە دا، پێداگری بووە لە سەر ناساندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک سەرچاوەی ئەسلیی ئەنجامدانی ئەم تاوانە تێرۆریستییە.
حیزبی دیموکراتی کوردستان لە تاوانبار کردنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئەنجامدانی ئەم تەقینەوە تیرۆریستییە، پشتی بە کۆمەڵێک بەڵگەو ھۆ بەستوە. ئەم ڕێژیمە، ھەر لە ھەرێمی کوردستان لە دەیەی 90ی زایینیدا، دەیان تاوانی تیرۆریستیی گەورەی لە دژی لایەنە سیاسییەکانو تێکۆشەرانی کوردی ڕۆژھەڵاتیو بنەمالەکانیان ئەنجام داوە کە سەدان قوربانییان لێ کەوتووەتەوە. جگە لەم کارنامە ڕەشە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تیرۆری تێکۆشەرانی سیاسیی نەیاری ئەو ڕێژیمە لە ھەرێمی کوردستاندا ھەیەتی، لە مانگەکانی ڕابردوودا، فەرماندەرانی سوپای پاسداران بە ئاشکراو بەردەوامی ھەڕەشەیان کردوە کە لە نێوخۆی ھەرێمو لە ھەر جێیەک بە پێویستی بزانن، زەبر لە دێموکراتەکانو بنکەو بارەگاکانیان دەوەشێنن. لەمانەش گرنگتر ئەو زانیارییانەن کە کۆمیتەی ئەمنیەتی حیزبی دیموکراتی کوردستان لەم چەند ساڵەی دواییدا لە ڕەوتی پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی ئەو ڕێژیمەو لێکۆڵێنەوە لە ڕاسپێردراوو دەستوپیوەندە ناردراوەکانی سەر بە دامودەزگا سیخوڕییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ نێو حیزبی ئێمە، کۆی کردوونەوە. بە گوێرەی زانیارییەکان، ئیتلاعاتو سوپای پاسداران لە مێژە لە ھەوڵی خرابکاریو ئەنجامدانی تەقینەوەو کردەوەی تێرۆریستیی دیکە لە نێو بنکەو دامەزراوەکانی حیزبو لە دژی بەرپرسانو تێکۆشەرانی حیزب دان. لەڕاستای چالاک کردنەوەی نیازە تێرۆریستییەکانیان لە ھەرێمی کوردستانو بە دژی حیزبی دیموکراتو لایەنە سیاسییەکانی دیکەی ڕۆژھەڵاتی کوردستان، پێوەندییان بە ژمارەیەک لە ھاودەستانی خۆیان لە دەیەی ٩٠ی ھەتاوی دا گرتووەتەوەو داوایان لێ کردوون بۆ ئەم مەبەستە ھاوکارییان بکەن. ئەوەش کە ھەر لە دوو ساڵی ڕابردوو دا چەند پیلانی تیرۆریستی لە دژی بنکەکانو بەرپرسانی ژمارەیەک ڕێکخراوی سیاسیی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە نێو ھەرێمی کوردستان دا، پووچەڵ کراونەوەو عامیلانیان گەڕاونەوە باوەشی دەزگا سیخوڕییەکانی ڕێژیمی ئێران ، ڕاستیی ئەم قسانە دەسەلمێنن. ئەو بەڵگەو نیشانەو زانیارییانەش کە لە پێوەندی لە گەڵ تەقینەوەی “شەوی یەلدا”دا بە دەست حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە ھەنو جارێ خەریکی بە دواداچوونو لێکۆڵینەوەی زیاتر لە سەریانین، ڕۆژبەڕۆژ زیاتر دڵنیامان دەکەن کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەم تاوانە تیرۆریستییەی ئەنجام داوە.
حیزبی دیموکراتی کوردستان، لەھەموو ئەو لایەنانەی بەردەنگی ئەم بەیاننامەن، داوا دەکا تەقینەوەی تێرۆریستی لە دژی حیزبی دیموکراتی کوردستان وەک زەنگێکی مەترسیو وەک سەرەتایەکی بە کردەوە لە دەستپێکردنەوەی پیلانە تیرۆریستییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ھەرێمی کوردستاندا، چاو لێ بکەن. ھەرێمی کوردستان، بە ھۆی ئەو تاوانانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دەیەی 90ی زایینی لە دژی لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان تێیدا ئەنجام دا، زیانێکی زۆر بە ئیعتیبارە سیاسیو ئەمنیەتییەکەی گەیشت. ھەر وا کە برایەتیی گەلی کورد لە دوو بەشی ڕۆژھەڵاتو باشووری کوردستانیش لە ژێر کاریگەریی ئەو کارەساتانەی لە ھەرێمی کوردستان بە سەر تێکۆشەرانی کوردی ڕۆژھەڵات ھاتن، زیانی گەورەی دیت. چالاکبوونەوەی تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی، ھەموو ئەو لایەنانەی بەر دەنگی ئەم بەیاننامەیەن بەرەوڕووی کۆمەڵێک ئەرک دەکاتەوە. گرنگترینی ئەم ئەرکانە بریتین لە:
– دەنگ ھەڵبڕینو مەحکوومکردنی ڕاشکاوانەی دەستدرێژیی سوپاییو کردەوەی تێرۆریستی لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە،
– چاوەدێڕیی بنکەو دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی ئەو ڕێژیمە لە ھەرێمی کوردستانو ھاتوچۆی کاربەدەستانو دەستوپێوەندەکانی ڕێژیمی ئێران،
– ھەست کردن بە بەرپرسیارەتی لە ئاست ئەمنیەتی تێکۆشەرانو بنکەو کەمپەکانی ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستانو،
– پشتیوانیو ھاودەنگی لە گەڵ حیزبو ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژھەڵاتو تێکۆشەرانی ئەو بەشەی کوردستان کە لە ھەرێمی کوردستانن لە دژایەتی لە گەڵ ھەڕەشە و تاوانی تێرۆریستیدا.
حیزبی دیموکراتی کوردستان، وەبیر ھێزو لایەنە سیاسییە ڕۆژھەڵاتییەکانیشی دێنێتەوە کە ئەگەر زۆر فاکتەری سیاسیو خەباتگێڕانەی گرنگی دیکەش ھەتا ئێستا بە داخەوە نەبوون بە ھۆو پاڵنەری یەکگرتنو ھاوکاریی بەرینو درێژخایەن لە نێوانیان دا، حەق وایە ھەڕەشەو نیازو بەرنامە تێرۆریستییەکانی ڕیژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ زەبر وەشاندن لەوان لە ھەرێمی کوردستاندا، ببێ بە ھاندەرێک بۆ ھەڵدانەوەی لاپەرەیەکی نوێ لە پێوەندییەکانیانو بکرێتە سەرەتایەک بۆ یەکگرتنو ھاوکاریو خەباتی ھاوبەش لە بواری جۆراوجۆردا.
ئێمە جارێکی دیکە سەرنجی دەوڵەتانو ھێزو لایەنە سیاسییەکانی ناوچەو جیھان بۆ لای ئەم راستییە ڕادەکێشین کە حوزووری ڕێژیمی ئێران لە عێراق، سووریە، لوبنان، یەمەنو شوێنەکانی دیکەی ناوچە، نەک بۆ بەشداری لە شەڕی جیھانیی دژ بە تێرۆریزم، بەڵکوو بۆ پشتیوانی لە ھاوپەیمانە ئیدئۆلۆژیکەکانی خۆیو زاڵکردنی ھێژمۆنیی سیاسی، ئەمنیەتیوسوپایی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە دایە. ئامانج و نیازی حوزووری ئەم ڕێژیمە لە نێو ڕووداوەکانی ناوچەدا نەک لە ڕاستای پێکەوەژیانی بە ئاشتیی وڵاتانو نەتەوەو ئایینە جیاوازەکانی ناوچە، بەڵکوو بۆ داکۆکیو پشتیوانیی بەشێکی دیاریکراویانەو دەیەوێ بە ھەر نرخێک بووە ھاوپەیمانەکانی خۆی بە سەر ئەوانی دیکە زاڵ بکا. ئەم حوزوورە ناوچەییە کە بە ڕواڵەت بەشدارییە لە شەڕی جیھانی بە دژی تێرۆریزمو توندڕەویی ئایینی، ھیچی لە ماھییەتی ئەو ڕێژیمە کە پەنابردنە بۆ تێرۆریزمو پیلانو سەرکوت لە دژی نەیارەکانی، نەگۆڕێوەو لە ھەر شوێنێکو ھەر کاتێک بە پێویستی زانیبێ، سوودی لێوەرگرتوە.
حیزبی دیموکراتی کوردستان بە دەرفەتی دەزانێ، لە ڕێگای ئەم بەیاننامەیەوە سپاسو پێزانینی گەرمی خۆی بەرامبەر ئەو ھاوخەمیو ھاوپێوەندییە بەرینە ڕابگەیەنێ کە دوابەدوای تەقینەوەی تیرۆریستی لە بارەگای دەفتەری سیاسیی حیزب لە نزیک شاری کۆیەو لە ڕۆژانی دواتر دا خۆی نواند. سەرۆکایەتیی ھەرێم، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، فراکسیۆنە پارلمانییەکان، زۆربەی حیزبو ڕێکخراوە سیاسییەکانی ھەموو بەشەکانی کوردستان، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەو ڕاگەیاندنی ھەڵوێستی رەسمی، وێڕای مەحکوومکردنی ئەم تاوانە گەورەیە، لە گەڵ حیزبی دیموکراتی کوردستانو بنەماڵەی شەھیدەکان، ھاوخەمیان کرد. ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییەکان، کاربەدەستانی حیزبیو حکوومی، نوێنەرانی چینو توێژە جۆراوجۆرەکان لە ھەرێمی کوردستان، لە بەخاکسپاردنی شەھیدەکان یا لە ڕێورەسمی پرسەو سەرەخۆشی لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزب دا بەشدار بوون. خەڵکی شاری کۆیە بە ھاتن بۆ نەخۆشخانەکان بە مەبەستی خوێن بەخشین بە بریندارەکانو سەردان بۆ بنکەو کەمپەکانی حیزب و ئامادەیی دەربرین بۆ ھەر جۆرە ھاوکارییەکی پێویست، جارێکی دیکە جوانترین نموونەی دلسۆزییان بەرامبەر حیزبی دیموکرات نواندەوە. جێگای خۆیەتی سپاسی بەرپرسانو کاربەدەستانی ئاسایشو دەزگا حکوومیو ئیدارییەکانی کۆیە بکەین کە بە مەبەستی فریاکەوتنو ھاوکاریو لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە، لە یەکەم ساتەکانی دوای ڕووداوەکە، خۆیان گەیاندە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزب. ھیوادارین لێکۆڵینەوەو بە دواداچوونی دەزگا ئەمنییە پیوەندیدارەکان ھەرچی زووتر بگاتە ئاکامو بیروڕای گشتیی لێ ئاگادار بکرێتەوە. ئەوەندەش کە دەگەڕێتەوە سەر ھاوخەمیی دێموکراتەکان لە گەڵ یەکتر لەم ڕووداوە دا، وەک زۆر بۆنەی دیکە کە ڕووداوی ناخۆش بۆ دیموکراتەکان دێتە پێش، جارێکی دیکە سێبەری ھاودڵیو ھاوسەنگەربوونو ھاوڕێیەتی باڵی بە سەربنکەو مالەکانی دیموکرات دا کێشا.
تاوانی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامی لە دژی حیزبی دیموکراتی کوردستان، ھەم لە نێوخۆی ڕۆژھەڵاتو ھەم لە نێو کوردەکانو ئێرانییەکانی دەرەوەی وڵات، شەپۆلێکی بەرین لە ھاوخەمیو ھاوپێوەندی لە گەڵ حیزبی ئێمە وەڕێ خستوە. دڵسۆزانو ھۆگرانی حیزب لە نێوخۆ لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە پێوەندییان بە بەرپرسانو تێکۆشەرانی حیزبەوە گرتوە، ئەو تاوانە دڕندانەیان مەحکووم کردوەو ھاوخەمیو پشتیوانیی خۆیان بە حیزبی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاندوە. لە دەرەوەی وڵاتیش، جینایەتی تازەی کۆماری ئیسلامی بووە بە ھۆی تووڕەیی کوردەکانو کۆڕو کۆمەڵی سیاسیی ئێرانی. ھیوادارین ئازادیخوازانی کوردو ئێرانی لە دەرەوەی وڵات ئەم تاوانە گەورەیەی ڕێژیمی ئێران بکەنە ھەوێنی چالاکیی سیاسی جۆراوجۆر بۆ لەقاودانو مەحکوومکردنی کۆماری ئیسلامی. ھەر لێرەشدا بە پێویستی دەزانین ڕێزو پێزانینی خۆمان بۆ ئەو بەشە لە میدیاکان ڕابگەیەنین کە بایەخی پێویستیان بەم ڕووداوە دا و بە ھاتن بۆ شوێنی ڕووداوەکەو وەرگرتنی لێدوانو ڕوونکردنەوە لە بەرپرسانی حیزبی دیموکراتی کوردستان، تیشکیان خستە سەر ئەو ھێرشە تێرۆریستییەو بیروڕای گشتییان لە لایەنە جۆراوجۆرەکانی ڕووداوەکە ئاگادار کردەوە.
ئێمە جارێکی دیکە یادی شەھیدانی ئەو تەقینەوە تێرۆریستییە بەرز رادەگرینو سەرەخۆشی لە بنەماڵە دڵ بە خەمەکانیانو ھاوسەنگەرانیان دەکەین. خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستانو ھۆگرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ھەر شوێنێک، دڵنیا دەکەینەوە کە ھەڕەشەو تاوانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەم حیزبە لە درێژە دانی خەباتی ڕەواو فرەڕەھەندی خۆی بە دژی کۆماری ئیسلامی، سارد ناکاتەوە. بە پێچەوانەوە، ئەم تاوانەو خوێنی تازەترین شەھیدەکانمان ھەر لەو کاتە دا کە ھانمان دەدا بۆ وریاییو پارێزگاریی زیاتر لە ڕێبەریو تێکۆشەرانو بنکەکانی حیزب، لێبڕاویو ئیرادەشمان بۆ خەباتی زیاتر لە نێوخۆو دەرەوەی کوردستان ، بە گوڕتر دەکا.
سڵاو بۆ گیانی پاکی شەھیدانی 1ی بەفرانبار(یەلدای خوێناوی)،
سڵاو لە ھاوپێوەندیی دۆستانو دڵسۆزان لە گەڵ حیزبی دیموکراتی کوردستان،
ڕسوایی بۆ تێرۆریزم و ڕێژیمی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامیی ئێران،
سەرکەوتن بۆ خەباتی ئازادیخوازنەی گەلی کورد لە ڕۆژھەڵاتی کوردستانوھەموو بەشەکانی کوردستان.
حیزبی دیموکراتی کوردستان
دەفتەری سیاسی
4ی بەفرانباری 1395
24ی دیسامبری 2016
ھەرسەبارە بەیاننامەكە و ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان لەبارەی تەقینەوەكانی كۆیە، كەمال كەریمی ئەندامی دەفتەری سیاسی حزبی دیموكراتی كوردستان لە ماییانی بەشداریكردنی لە رووماڵی ھەواڵەكانی كوردستان24 گوتی: "كۆمەڵێك زانیاریمان لەبەر دەستە كە دڵنیامان دەكات كۆماری ئیسلامی ئێران لە پشت تەقینەوەكانی كۆیە بووە، ھەرچەندە زیانی زۆری لە حزبی دیموكرات داوە، بەڵام ئەوەی كە ویستوویانە نەیاتوانیووە ئەوئامانجە بپێكن".
كەمال كەریمی ئەندامی دەفتەری سیاسی حزبی دیموكراتی كوردستان