لە سنووری پەروەردەی گەرمیان بایكوت شكێنرا
دوای بەیاننامەكەی بەڕێوەبەرایەتی كەلار چەند قوتابخانەیەك دەوامیان دەستپێكردەوە
K24 – گەرمیان
دوای ئەوەی لەسەرەتای وەرزی خوێندنی ئەمساڵەوە مامۆستایانی سنووری ئیدارەی گەرمیان دژی سیستمی پاشەكەوتی مووچە بایكۆتی دەوامیان كرد، چەند قوتابخانەیەكی سنووری پەروەردەی كەلار دەستیان بە پڕۆسەی خوێندن كردەوە.
ھەرێم جاف پەیامنێری كوردستان24 لە گەرمیان رایگەیاند: "پاش ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی كەلار لەسەر راسپاردەی وەزارەتی پەروەردە مامۆستایانی ئاگادار كردەوە پابەندی دەوام بن، چەند قوتابخانەیەك لە سنووری پەروەردەی كەلار دەستیان بە دەوام كردەوە".
بە گوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24 لە رۆژانی داھاتوودا لە ژمارەیەكی دیكەی قوتابخانەكانی گەرمیان دەوام دەست پێدەكاتەوە.
سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی دەوام لە چەند قوتابخانەیەكی كەلار پەیامنێرمان بۆ زانیاری زیاتر پەیوەندی بە چەند بەرپرسێكی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی گەرمیانەوە كردووە، بەڵام ئامادەنەبوو لێدوان لەسەر ئەم بابەتە بدەن.
ئەمە لە كاتێكدایە ئەمڕۆ دەستەی مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی كۆبوونەتەوە بۆ كەیلاكردنەوەی دەوامی مامۆستایان.


