ئه‌مریكا و ئیسرائیل هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر یه‌كتر
جۆن كێری و نه‌تانیاهۆ به توندی دژی یه‌كتر لێدوان ده‌ده‌ن
K24 –هه‌ولێر
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا جۆن كێری له لێدوانێكی بێ وێنه‌دا "دروستكردنی كۆمه‌ڵگه‌نشینه‌كانی ئیسرائیل له زه‌وییه داگیركراوه‌كان" به هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جیدی بۆ سه‌ر ئاشتی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست زانی.
جۆن كێری به ره‌خنه‌گرتن له حكومه‌تی ئێستای ئیسرائیل، به توندره‌وترین حكومه‌تی ئه‌و وڵاته به درێژایی مێژووه‌كه‌ی زانی كه له دوو پارتی توندره‌و پێكهاتووه.
سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل بنیامین نه‌تانیاهو له لایه‌ن خۆیه‌وه به توندی ره‌خنه له جۆن كێری گرت و به لایه‌نگری كردن تۆمه‌تباری كرد و گوتیشی ئیسرائیل پێویستی به‌و گوتاره‌ی نییه له لایه‌ن سه‌رانی وڵاتانی بیانی پێشكه‌ش ده‌كرێت، له‌گه‌ڵ دۆناڵد ترامپ سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مریكا بۆ پێشه‌وه كار ده‌كات كه به‌ڵێنی پشتیوانی كردنی زیاتر له ئیسرائیلی داوه.
.jpg)
جۆن كێری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا
قسه‌كانی نه‌تانیاهو كه‌متر له چه‌ند كاتژمێرێك پاش گوتارێكی 70 خوله‌كی كێری هات كه ده‌ڵێت ئیسرائیل هه‌رگیز ئاشتییه‌كی راسته‌قینه له‌گه‌ڵ عه‌ره‌به‌كان به‌ده‌ست ناهێنێت، ئه‌گه‌ر لسه‌ر بنه‌مای دوو ده‌وڵه‌ت بۆ ئیسرائیل و فه‌ڵه‌ستینییه‌كان كار نه‌كات.
په‌یوه‌ندییه‌كانی ئیسرائیل و ئه‌مریكا له سه‌رده‌می باراك ئۆباما به‌هۆی دروستكردنی كۆمه‌ڵگه‌كانی جوله‌كه‌نشین و رێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمیی ئێران دووچاری ئاڵۆزی بووه.
په‌یوه‌ندییه‌كانی تیڵ ئه‌بیب و واشنتۆن رۆژی هه‌ینی هه‌فته‌ی رابردوو گه‌یشته نزمترین ئاست، كاتێ كه ئه‌مریكا رێگه‌ی بۆ بڕیارنامه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان خۆش كرد بۆ داواكردنی كۆتاییهێنان به دروستكردنی كۆمه‌ڵگه‌نشینه‌كانی جوله‌كه. ئه‌م كرده‌وه‌یه بووه هۆی ئه‌وه‌ی به‌رپرسانی ئیسرائیل راسته‌وخۆ هێرش بكه‌نه سه‌ر ئۆباما و كێری.
جۆن كێری له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانی دا گوتی سه‌ره‌ڕای باشترین هه‌وڵه‌كانمان به درێژایی چه‌ندین ساڵ، چاره‌سه‌ری دوو ده‌وڵه‌ت له بەردەم ھەڕەشەیەكی جیدی دایه و هۆكاره‌كه‌شی بۆ دروستكردنی كۆمه‌ڵگه‌نشینه‌كانی جوله‌كه و سیاسه‌تی حكوومه‌تی ئێستای ئیسرائیل گه‌ڕانده‌وه و گوتی ئیسرائیل ده‌بێ ده‌وڵه‌تێكی جوله‌كه بێت یان دیموكراسی، نه‌ك هه‌ردووكیان پێكه‌وه.

بنیامین نه‌تانیاهو سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل
سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی فه‌ڵه‌ستین مه‌حمود عه‌باس له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند باوه‌ری به‌وه هه‌یه كه ئاشتی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل به‌ده‌ست دێت، به‌ڵام پێداگری له‌سه‌ر خواسته‌كه‌ی كرده‌وه كه پێویسته ئیسرائیل به‌ر له ده‌ستپێكردنی دانوستانه‌كان، پرۆسه‌ی دروستكردنی كۆمه‌ڵگه‌نشینه‌كانی جوله‌كه رابگرێت.
نه‌تانیاهو له وه‌ڵامی جۆن كێری گوتی "ئه‌و له مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه نشینه‌كانی جوله‌كه كێشه‌ی هه‌یه و به ئاشكرا په‌نجه‌ی خسته سه‌ر ریشه‌ی شه‌ڕ و دژایه‌تی فه‌ڵه‌ستینییه‌كان بۆ ده‌وڵه‌تێكی جوله‌كه له هه‌ر سنوورێكدا بێت".
پێش ئه‌وه‌ی جۆن كێری گوتاره‌كه‌ی له باره‌ی ئیسرائیل و فه‌له‌ستین و ئاشتی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی پیشكه‌ش بكات، دۆناڵد ترامپ سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراو ره‌خنه له سیاسه‌تی ئۆباما به‌رامبه‌ر ئیسرائیل گرت و له زنجیره تویتێكدا رایگه‌یاند "ناتوانین به‌رده‌وام بین له‌سه‌ر رێگه‌دان به‌م شێوه‌یه سووكایه‌تی به ئیسرائیل بكرێت، ئه‌وان دۆستێكی گه‌وره‌ی ئه‌مریكان"، داواشی له ئیسرائیل ده‌كات "به‌هێز بێت و 20 كانوونی دووه‌م نزیكه"، كه ئاماژه‌یه‌كه به وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا.