شارۆچكەیەكی دیكە لە دەستی داعش رزگاركرا

ژمارەیەكی زۆر لە چەكدارانی داعش كوژراون و چەند ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو تێكشكێندران

K24 - ھەولێر

ھێزەكانی سووریای دیموكرات شارۆچكەی مەحموودیەیان لە سنووری رەققە لە دەست چەكدارانی داعش رزگاركرد.

بە گوێرەی میدیاكانی ھێزەكانی سووریای دیموكرات، لە بەردەوامی قوناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی "توڕەیی فوڕات" دوای شەڕێكی سەخت شەرڤانان توانیان شارۆچكەی مەحموودیە لە رۆژئاوای رەققە لە دەستی چەكدارانی داعش رزگار بكەن.

ئەوەشیان خستوەتەڕوو، ژمارەیەك زۆر لە چەكدارانی داعش لە شەڕەكەدا كوژراون و چەند ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراوی داعش تێكشكێندراون.

لەلایەكی دیكە و بە گوێرەی زانیارییەكان، لە شەوی رابردوودا ھێزەكانی سووریای دیموكرات لە رۆژئاوای شارۆچكەی عەین عیسا 6 كیلۆمەتر پێشڕەویان كردووە.

رۆژی 10/12/2016،ھێزەکانی سوریای دیموکرات لە ناحیەی سلووک لە رۆژھەڵاتی گرێ سپی بە فەرمی دەستپێکردنی قوناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنەکەیان راگەیاند کە بە پشتگیری ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەڕێووە دەچێت.

قۆناغی یەكەمی ئۆپەراسیۆنی "توڕەیی فورات" رۆژی 5 تشرینی دووەمی 2016  بۆ کۆنترۆڵکردنی شاری رەققە لە لایەن ھێزەکانی سوریای دیموکرات و بەشداری یەپەگە و یەپەژە دەستیپێکرد.