كەجەكە: پیلانی لەناوبردنی ئۆجەلان لە ئارادایە

"ئاكەپە و مەھەپە لەسەر پیلانی لەناوبردنی ئۆجەلان رێككەوتوون"

K24 – ھەولێر

لە راگەیاندراوێكدا کۆما جڤاکی کوردستان (کەجەکە) رایدەگەیەنێت كە مەترسی لەسەر لەناوبردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرۆكی بەندكراوی پەكەكە ھەیە.

كەجەكە ئەوە دەخاتەڕوو: "پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكەپە) و پارتی بزووتنەوەی نەتەوە پەرست (مەھەپە) لەسەر پیلانی لەناوبردنی ئۆجەلان رێككەوتوون و دەبێ گەلی كورد و تەڤگەری ئازادی ئەو پیلانگێڕییە شەرمەزار بكەن".

لە راگەیاندراوەكەی كەجەكە ئاماژە بۆ ئەوە كراوە: "ئاکەپە و مەھەپە دژ بە گەلی کورد رێککەوتوون، لە ئێستاشدا مژاری سێدارەیان زیندوو کردووەتەوە، گفتوگۆیان لەبارەی لەناوبردنی ئۆجەلانەوە کردووە، بۆیە نابێت گەل رێگە بە جێبەجێکردنی ئەو پیلانگێڕیانە بدەن".

كەجەكە بانگەوازی لە کۆمیتەی رێگرتن لە ئەشکەنجەی زیدانیانی سیاسیی سەر بە کۆنسەی ئەوروپا (سی پی تی) کردووە، کە ئەرکی مێژوویی خۆیان بەجێبھێنن و لەو رەوشە بکۆڵنەوە و داواشی لە کوردانی ئەوروپا کردووە: "کە ھەرچیان پێ دەکرێت لەبارەی جوڵاندنی ھێزە نێودەوڵەتیەکان و رێکخراوە جیھانیەکانی مافی مرۆڤ، لەبارەی ئەو پرسەوە، درێغی نەکەن و رۆژ رۆژی کاری جدییە بۆ بەرگریكردن لە ئۆجەلان".

لە 15 شوباتی 1999 ئۆجەلان، لە پرۆسەیەکی ھەواڵگرییدا، لە کینیا دەستگیرکرا و بە فڕۆکەیەکی تایبەتی تورکیا لە لایەن رفێنەرەکانییەوە گواسترایەوە بۆ ئەنقەرە و لە دوورگەی ئیمڕالی بەندكرا.