داوایەكی بنەماڵەی ئۆجەلان بۆ ئیمرالی رەتدەكرێتەوە

داواكاری گشتی ئەوەی خستوەتەڕوو كە بەھۆی بارودۆخی نا ئاسایی توركیا ناتوانن لەم كاتەدا رێگەیان پێبدەن

K24 – ھەولێر

بنەماڵەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری بەندكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) داوایان كردووە رێگەیان پێبدرێت سەردانی ئیمرالی بكەن و چاویان بە ئۆجەلان بكەوێت، بەڵام داواكەیان رەتكراوەتەوە.

میدیاكانی پەكەكە بڵاویانكردەوە" :بنەماڵەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان داوای مۆڵەتیان كردووە بۆ ئەوەی سەردانی ئیمرالی بكەن و چاویان بە ئۆجەلان بكەوێت، بەڵام سەرۆکی داواکاری گشتی دادگای کۆماری بورسا بە بیانوی دۆخی نائاساییەوە ئەو داواکارییەی رەتکردوەتەوە".

پێشتر چەند جارێك كەسوكاری ئۆجەلان سەردانی ئیمرالیان كردووە و چاویان بە ئۆجەلان كەوتووە، دوایین جاریش لە مانگی سپتێمبەری/ 2016، حكوومەتی توركیا مۆڵەتی بە محەمەد ئۆجەلانی برای عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا سەردانی ئیمرالی بكات.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری پەكەكە لە 15 شوباتی 1999، لە پرۆسەیەکی ھەواڵگرییدا، لە کینیا دەستگیرکرا و بە فڕۆکەیەکی تایبەتی تورکیا لە لایەن رفێنەرەکانییەوە گواسترایەوە بۆ ئەنقەرە و لە دوورگەی ئیمڕالی بەندكرا.