ئه‌ردۆغان: به‌م زووانه باب رزگار ده‌كرێت
وڵاته‌كه‌ى پێشبهندى نوێى له‌به‌ر ده‌سته له باره‌ى كۆتايهێنان به پرۆسه‌ى كۆنترۆڵكردنى شارى ئه‌لباب له سووريا، كه له ژێر ده‌سه‌ڵاتى داعشدايه.
K24 – هه‌ولێر:
ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكى كۆمارى توركيا رايگه‌ياند، وڵاته‌كه‌ى پێشبهندى نوێى له‌به‌ر ده‌سته له باره‌ى كۆتايهێنان به پرۆسه‌ى كۆنترۆڵكردنى شارى ئه‌لباب له سووريا، كه له ژێر ده‌سه‌ڵاتى داعشدايه.
ئاژانسى هه‌واڵده‌رى ئه‌نادۆڵى توركيا ده‌قى ئه‌و لێدوانه‌ى ئه‌ردۆغانى بڵاوكردووه‌ته‌وه، كه ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 4ى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى 2017 له كۆبوونه‌وه‌يه‌كى كۆشكى سه‌رۆكايه‌تى له ئه‌نقه‌ره پێشكهشيكردووه.
له‌و كۆبوونه‌وه‌يه‌دا ئه‌ردۆغان رايگه‌ياندووه، "ئێمه سوورين له‌سه‌ر پاككردنه‌وه‌ى ئه‌و ناوچانه‌ى رێكخراوه تيرۆريستييه‌كان له سووريا ده‌ستيان به‌سه‌ردا گرتوون، له سه‌روويانه‌وه شارى منبج".
توركيا له 24ى تشرينى يه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌رى 2016ه‌وه پرۆسه‌يه‌كى سه‌ربازى بۆ سه‌ر خاكى سووريا له ژێر ناونيشانى "قه‌ڵغانى فورات" ده‌ستپێكردووه و ئامانجى پرۆسه‌كه‌ش وه‌ك به‌رپرسانى توركيا ئاشكرايان كردووه، شه‌ڕكردنه له‌گه‌ڵ يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل (يه‌په‌گه) و پارتى يه‌كێتى ديموكراتى (په‌يه‌ده) و هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات (هه‌سه‌ده) و رێكخستنى ده‌وڵه‌تى ئيسلامى ناسراو به داعش. له‌و ئۆپراسيۆنه سه‌ربازييه‌ى توركيادا، كه هێزى وشكانى و تانك و تۆپى دوورهاوێژ و هێزى ئاسمانى سوپاى توركيا به‌شدارن تێيدا، هه‌ريه‌ك له گرووپ و ميليشياكانى "سوپاى سوورياى ئازاد" به‌شدارن.
له ئه‌نجامى ئه‌و پرسهيهدا سوپاى توركيا ده‌ستيگرتووه به‌سه‌ر شارى جه‌رابلووس و ده‌وروبه‌ريدا.
له 17ى تشرينى يه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌رى 2016دا وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى توركيا مه‌ولوود چاوش ئۆغڵۆ رايگه‌ياند، "سوپاى سوورياى ئازاد" شارۆچكه‌ى دابقى له ده‌ستى داعش رزگار كرد و هێزه‌كانيان به‌ره‌و شارۆچكه‌ى ئه‌لباب ده‌ڕۆن.
سوپاى توركيا به نيازه به‌ره‌و مونبج پێشڕه‌وى بكات، كه له ساڵى رابردوودا يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل و هێزه‌كانى سوورياى ديموكراتى زياتر له 70 رۆژ ئۆپراسيۆنى سه‌ربازييان له دژى داعش له‌و شارۆچكه‌يه ئه‌نجامدا و سه‌ره‌نجام توانيان شارۆچكه‌كه له ده‌ستى داعش رزگار بكه‌ن.
له ئێستادا له ناوچه‌كانى ده‌وروبه‌رى جه‌رابلووس شه‌ڕ و پێكدادانى پچڕ پچڕ له نێوان يه‌كينه‌كان و ميليشياكانى "سوپاى ئازادى سووريا" رووده‌دات.
له ئاستى سياسييدا له نوێترين وتهيدا ئه‌ردۆغان ده‌ڵێت: "به هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ رووسيا وڵاته‌كه‌ى له هه‌وڵى دۆزينه‌وه‌ى رێگه‌يه‌كه بۆ گه‌يشتن به ئاگربه‌ستى ههميشهيى، بۆ ئه‌وه‌ى له ميانه‌يدا دانووستانى سياسيى له پێناو چاره‌سه‌ركردنى گرفته‌كانى سووريا بێتهكايهوه".
ئه‌ردۆغان گوتيشى: "هيواخوازم ئه‌و پرۆسه‌يه سه‌ركه‌وێت و كۆتايى به ئێش و ئازارى برايانمان له سووريا له نزيكترين كاتدا بێت".
بڕيارى ئاگربه‌ستى سووريا شه‌وى پێنجشه‌ممه له‌سه‌ر هه‌ينى، 29-30ى كانوونى يه‌كه‌م/ ديسه‌مبه‌رى 2016 له‌سه‌ر بنه‌ماى رێككه‌وتنى رووسيا و ئێران و توركيا ده‌ستپێكرد.
به گوێره‌ى رێككه‌وتنى ئاگربه‌ست واژوو له‌سه‌ر سێ رێككه‌وتننامه ده‌كرێت. يه‌كه‌ميان رێككه‌وتنى ئاگربه‌ستى نێوان حكومه‌ت و به‌رهه‌ڵستكارانى سووريايه. دووه‌ميان: رێككه‌وتنه له‌سه‌ر زنجيرهيهك رێككار بۆ چاودێريكردنى ده‌سه‌ڵاتدارانى سووريا و پابه‌ندبوونى هه‌موو لايه‌ك به ئاگربه‌سته‌وه. سێيه‌م: رێككه‌وتنى لايه‌نه‌كان و ئامادهييانه بۆ ده‌ستپێكردنى دانووستانى ئاشتى له ئه‌ستانه‌ى پايته‌ختى كازاخستان.
به گوێره‌ى رێككه‌وتنه‌كه، له ماوه‌ى مانگێكدا ده‌بێت لايه‌نه‌كان له ئه‌ستانه ده‌ست به دانووستان بكه‌ن و زۆرێك له لايه‌نه‌كان رۆژى 23ى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى 2017يان وه‌ك رۆژى ده‌ستپێكردنى دانووستاندن ده‌ستنيشان كردووه.
هه‌ريه‌ك له وڵاتانى رووسيا، ئێران، توركيا چاودێرى سه‌رخستنى پرۆسه‌ى دانووستان و بهرقهراركردنى ئاشتى ده‌كه‌ن.
رۆژى 31ى كانوونى يه‌كه‌م/ ديسه‌مبه‌رى 2016، ئه‌نجوومه‌نى ئاسايشى نێوده‌وڵه‌تى، ئه‌و پڕۆژه بڕياره‌ى په‌سند كرد، كه رووسيا له باره‌ى رێككه‌وتنه‌كه‌وه ئاماده‌ى كردبوو.
سه‌رچاوه: رووسياليه‌وم، ئه‌نادۆڵ.