به‌نیازی ئه‌وروپا كه‌وتنه‌ڕێ و له كۆتاییدا هاتنه‌وه هه‌مان وڵات
به دڵخۆشی و كه‌مێك ترسه‌وه ده‌ستییان به گهشتكرد و دواجار هه‌واڵێكی ناخۆشییان پێگه‌یشت

K24 - هه‌ولێر:
ژماره‌یه‌ك په‌نابه‌ر، ویستیان له رێگه‌ی ده‌ریاوه به‌ره‌و ئه‌وروپا گه‌شت بكه‌ن و وڵاته‌كه‌ی خۆیان جێبهێڵن، به‌ڵام شه‌پۆله‌كانی ده‌ریا، په‌نابه‌رانی برده‌وه ئه‌و وڵاته‌ی كه لێوه‌ی هاتبوون.
دوای 3 رۆژ مانه‌وه‌له ده‌ریا، گه‌میه‌ی ئه‌و 80 په‌نابه‌ره، خۆی له‌به‌ر شه‌پۆله‌كانی ده‌ریا ناگرێت، دوای ئه‌وه‌ی په‌نابه‌ران ده‌گه‌نه وشكانی و رزگارییان ده‌بێت، بۆیان ده‌رده‌كه‌وێت كه هێشتا له لیبیان، نه‌ك كه‌ناراوه‌كانی ئه‌وروپا.
به گوێره‌ی رۆژنامه‌ی ده‌یلی مه‌یلی به‌ریتانیا، زۆربه‌ی زۆری په‌نابه‌ره‌كان، سه‌نیگالی بوون و 3 رۆژ پێش ئێستا، گه‌شته‌كه‌یان له شاری سبراتهی لیبیا، ده‌ستپێكردووه.
گه‌میه‌كه‌ی ئه‌و په‌نابه‌رانه، به نیمچه تێكشكاوییهوه، ده‌گاته كه‌ناراوه‌كانی شاری ته‌رابلووس، یه‌كێك له رزگاربووان، به ئاژانسی هه‌واڵی فه‌ره‌نسی گوت: "وامانزانی ئیدی گه‌شته‌كه‌مان ته‌واو بوو و گه‌یشتینه ئیتاڵیا".
شایه‌تحاڵان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، ژماره‌یه‌ك له په‌نابه‌ران به‌ر له‌وه‌ی گهمیهكه بگاته كه‌ناره‌كه، خۆیان هه‌ڵداوه‌ته ناو ئاوه‌كه و وایانزانیوه ئه‌وروپایه، به‌ڵام به هۆی ئه‌وه‌ی نه‌یانزانیوه مه‌له‌بكه‌ن، خنكاون و نزیكه‌ی ته‌رمی 5 كه‌سیان له ئاوه‌كه ده‌رهێنراوه.
دوو ژن له ریزی ئه‌وانه بوون كه به زیندوویی گه‌یشتبوونه كه‌ناره‌كه، یه‌كێكیان دوو گیان بوو و منداڵێكیشی له‌گه‌ڵدا بوو، ئه‌وان تووشی شۆك ببوون كاتێك زانیبوویان هه‌ر له لیبیان نه‌ك ئه‌وروپا.
یه‌كێك له‌و ژنانه، له به‌رامبه‌ر جه‌سته‌ی خنكاوی براكه‌ی دانیشتبوو و ده‌گریا.
كه‌ناراوه‌كانی ئیتاڵیا، نزیكه‌ی 300 كیلۆمه‌تر له لیبیاوه دووره و دوای له‌ناوبردنی حكوومه‌تی قه‌زافی له 2011، بازرگانانی مرۆڤ له‌وێوه، به گه‌میه له رێگه‌ی ده‌ریاوه هه‌وڵده‌ده‌ن په‌نابه‌ران بگه‌یه‌ننه وڵاتانی ئه‌وروپا و به گوێره‌ی ئاماره‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، له ساڵی رابردوودا، نزیكه‌ی 5 هه‌زار په‌نابه‌ر له ده‌ریای ناوه‌ڕاست خنكاون.