توركیا ره‌گه‌زنامه به سووری و عێراقییه‌كان ده‌دات
"وه‌زاره‌تی ناوخۆ سه‌رقاڵی ئاماده‌كارییه‌كانه"
K24 – هه‌ولێر:
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆككۆماری توركیا رایگه‌یاند" وڵاته‌كه‌ی ره‌گه‌زنامه به په‌نابه‌ره سووری و عێراقییه‌كان ده‌دات، به‌ڵام ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی دیاری نه‌كرد كه بڕیاره‌كه ده‌یانگرێته‌وه".
ئه‌ردۆغان له وتارێكی ته‌له‌فزیۆنیدا گوتی" ئێستا وه‌زاره‌تی ناوخۆ كار له‌و بواره‌دا ده‌كات و چوارچیوه‌یه‌ك بۆ كاره‌كه دیاری ده‌كات، دوای هه‌نگاوی پێویست سه‌ره‌تا هه‌ندێك له سوورییه‌كان ره‌گه‌زنامه‌ی توركیایان پێده‌درێت".
هه‌روه‌ها گوتی" خه‌ڵكانێكی خاوه‌ن توانا و شاره‌زایی هه‌ن، وه‌ك ئه‌ندازیار و پارێزه‌ر و پزیشكی به توانا، داوامانكردووه له بری ده‌ركردنیان به‌هۆی نایاسایی بوونی كاره‌كانیان ده‌رفه‌تی كاریان وه‌ك هاووڵاتییه‌كی توركیا بۆ بڕه‌خسێنرێت".
هه‌ر چه‌نده سه‌رۆككۆماری توركیا كاتی ده‌ستپێكردنی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی دیاری نه‌كرد، به‌ڵام گوتی " وه‌زاره‌تی ناوخۆ سه‌رقاڵی ئاماده‌كارییه بۆ ئه‌و هه‌نگاوه و ئاماده‌یه له هه‌ر كاتێكدا جێبه‌جێی بكات".
به‌گوێره‌ی ئاماره‌كان كه له ئه‌نقه‌ره‌وه راگه‌یه‌نراوه، زیاتر له 3 ملیۆن سووری و عێراقی له وڵاته‌كانی خۆیان هه‌ڵاتوون و ئیستا له توركیادا ده‌ژین".