زانیاری نوێ له‌باره‌ی هێرشكاره‌كه‌ی ئیستانبوڵ ئاشكرا ده‌كرێت
ئه‌بو محه‌مه‌د خوراسانی ئه‌ندامی شانه‌ی ئوزبهكه و هه‌ر له‌و شانه‌یه پلانی هێرشه‌كه دارێژراوه
K24 – هه‌ولێر
به‌پێی دوایین زانیاری له‌باره‌ی ئه‌نجامده‌ری هێرشه‌كه‌ی سه‌ری ساڵی نوێ له ئیستانبوڵ كه به هۆیه‌وه 39 كه‌سی كوژران، ئه‌ندامی شانه‌ی ئوزبهكه و له‌و شانه‌یه پلانی هێرشه‌كه دارێژراوه، بۆ خۆیشی خه‌ڵكی ناوچه‌ی ئۆیغوره له چین كه له توركیا به رۆژهه‌ڵاتی توركستان ناسراوه.
میدیاكانی توركیا ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌ی ده‌زگا هه‌واڵگری و ئه‌منییه‌كانی وڵاته‌كه‌یان له‌باره‌ی ناسنامه‌ی ئه‌نجامده‌ری هێرشه‌كه‌ی ئیستانبوڵیان بڵاو كرده‌وه كه ئه‌ندامی داعشه و خه‌ڵكی ناوچه‌ی ئۆیغوری چینه.
ئه‌نجامده‌ره‌كه ناسناوی ئه‌بو محه‌مه‌د خوراسانییه و به هاوكاری شانه‌ی 10 كه‌سی ئوزبه‌كی هێرشه‌كه‌ی ئیستانبوڵی ئه‌نجامداوه، پاش ئه‌وه‌ی له شاری قونیا ده‌چێته ئیستانبوڵ، ئه‌و شانه‌یه چه‌ك و یارمه‌تی لوجستی بۆی دابین ده‌كه‌ن.
پاش ده‌ستگیركردنی 15 كه‌س، ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه به‌هۆی په‌یوه‌ندی به‌م هێرشه ده‌ستگیر كراون گه‌یشتووه‌ته 25 كه‌س.
له یه‌كه‌م كاتژمێره‌كانی سه‌ری ساڵی نوێی 2017، هێرشكارێك به چه‌كی كلاشینكۆف هێرشی كرده سه‌ر به‌شدارانی ئاهه‌نگی سه‌ری ساڵ له نادییه‌كی شه‌وانه له ئیستانبوڵ به‌هۆیه‌وه 39 كه‌س كوژران و نزیكه‌ی 70 دیكه‌شی بریندار بوون، 24 له كوژراوه‌كانی هاووڵاتانی وڵاتانی عه‌ربین و سێ له‌وانیش خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانن.
پێشتر وێنه‌ی گومانلێكراوێك به ناوی "ره‌مه‌زان ئی" له سۆشیاڵ میدیاكانی توركیا بڵاو كراوه‌ته‌وه كه له سه‌ره‌تادا رایانگه‌یاند تۆمه‌تباری هێرشه‌كه‌ی سه‌ری ساڵه و دواتر له‌گه‌ڵ پارێزه‌ره‌كه‌ی بۆ پێدانی ئیفاده سه‌ردانی بنكه‌یه‌كی ئه‌منی كرد و ئاشكرا بوو هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌و هێرشه‌وه نییه.
له لایه‌كی دیكه‌وه كۆمه‌ڵه خه‌ڵكێك له شاری ئیستانبوڵ له‌سه‌ر شه‌قام به شه‌ق و پێلاقه له هاووڵاتییه‌كی توركمهنستانیاندا و وایانزانی هێرشكاره‌كه‌ی سه‌ری ساڵی نوێی ئیستانبوڵه، به‌ڵام دواتر ده‌ركه‌وت، ئه‌و نییه و ته‌نیا ده‌موچاوی به ئه‌نجامده‌ری هێرشه‌كه‌ی ئیستانبوڵ ده‌چێت.