روسیا ژماره‌ی هێزه‌كانی له سوریا كه‌مكرده‌وه
ئه‌مڕۆ هه‌ینی ده‌ستی به پرۆسه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی هێزه‌كانی له سوریا كرد و تاكه كه‌شتی فڕۆكه هه‌ڵگری خۆی له ناوچه ده‌كشێنێته‌وه
K24 – هه‌ولێر
سوپای روسیا رایگه‌یاند ده‌ستی به كه‌مكردنه‌وه‌ی هێزه‌كانی له سوریا كرد كه پێشتر ڤلادمیر پوتین سه‌رۆكی روسیا له‌سه‌ر پێشنیاری وه‌زیری به‌رگری بڕیاری كه‌مكردنه‌وه‌وه‌ی هێزه‌كانیان له سوریا دابوو.
فه‌رمانده‌ی سوپای روسیا ڤالێری گیراسیمۆڤ رایگه‌یاند له‌سه‌ر بڕیاری پوتین، ئه‌مڕۆ هه‌ینی ده‌ستیان به پرۆسه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی هێزه‌كانی له سوریا كرد و تاكه كه‌شتی فڕۆكه هه‌ڵگری خۆی له ناوچه ده‌كشێنێته‌وه.
له لایه‌كی دیكه‌وه فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی روسیا له سوریا ئه‌ندری كارتۆبالۆف له‌مباره‌وه رایگه‌یاند هێزه‌كانیان ئامانجه‌كانیان له سوریا پێكاوه و له ماوه‌ی دوو مانگدا فڕۆكه‌كانیان له‌سه‌ر كه‌شتی فڕۆكه هه‌ڵگری كوزیفسۆڤ به 420 فڕین 1252 ئامانجیان پێكاوه.
پوتین رۆژی 29 كانوونی یه‌كه‌می 2016 بڕیاری كه‌مكردنه‌وه‌ی هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له سوریا ده‌ركرد.
روسیا له شه‌ڕی ناوخۆی سوریا هاوپه‌یمانی سه‌ره‌كی رژێمی ئه‌سه‌ده كه حكومه‌تی سوریا توانی به هاوكاری روسیا ته‌واوی شاری حه‌له‌ب كۆنترۆڵ بكات و به هۆیه‌وه هاوكێشه‌كانی ئه‌و وڵاته بگۆڕێت.
كه‌شتی فڕۆكه هه‌ڵگری كوزیفسۆڤ له ئاوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی نزیك نه‌رویج به‌ره‌و ده‌ریای ناوه‌ڕاست دێت، تشرینی یه‌كه‌می 2016