هێزه‌كانی سوریای دیموكرات قه‌ڵای جه‌عبه‌ر كۆنترۆڵ ده‌كه‌ن
هێزه‌كانی سوریای دیموكرات له شه‌ڕی گرتنه‌وه‌ی ره‌قه له لایه‌ن ئه‌مریكاوه پشتگیری ده‌كرێن، چه‌ند كیلۆمه‌ترێك نزیكی به‌نداوی فورات بوونه‌ته‌وه
K24 – هه‌ولێر
هێزه‌كانی سوریای دیموكرات قه‌ڵای جه‌عبه‌ر له كناری ده‌ریاچه‌ی ئه‌سه‌د له پارێزگای ره‌ققه كۆنترۆڵ ده‌كه‌ن.
گوته‌بێژی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات به رۆیته‌رزی رایگه‌یاند هێزه‌كانیان له چوارچێوه‌ی پێشڕه‌وییه‌كی گرنگی ستراتیژی قه‌ڵای ئاسه‌واری جه‌عبه‌ریان له چه‌كدارانی داعش ستاند.
قه‌ڵای جه‌عبه‌ر له به‌ری چه‌پی رووباری فورات له كناری ده‌ریاچه‌ی ئه‌سه‌د له ناوچه‌ی جزیره‌ی سوریا هه‌ڵكه‌وتووه و 53 كیلۆمه‌تر له شاری ره‌قه و 13 كیلۆمه‌تر له شاری سه‌وره دووره.
ته‌لال سیلۆ له‌مباره‌وه گوتی "ئاراسته‌ی هێزه‌كانمان به‌ره‌و ناوچه‌ی به‌نداوه (فورات)، پێشتر به‌هۆی ته‌مومژ پێشره‌وی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات هێواشتر بوو و به‌هۆیه‌وه چه‌كدارانی داعش هێرشیان ده‌كرده سه‌ر هێزه‌كانمان، به‌ڵام ئێستا كه‌شوهه‌وا باش بووه".
هێزه‌كانی سوریای دیموكرات له شه‌ڕی گرتنه‌وه‌ی ره‌قه له لایه‌ن ئه‌مریكاوه پشتگیری ده‌كرێن، چه‌ند كیلۆمه‌ترێك نزیكی به‌نداوی فورات بوونه‌ته‌وه.
هیزه‌كانی سوریا دیموكرات رۆژی 5 تشرینی دووه‌می 2016 ده‌ستی به ئۆپه‌راسیۆنی گرتنه‌وه‌ی شاری ره‌ققه‌ی پایته‌ختی دیفاكتۆی داعش كرد كه زیاتر له دوو ساڵه له ژێر كۆنترۆڵی دایه.
له قوناغی یه‌كه‌می ئۆپه‌راسیۆنه‌كه، ناوچه‌كانی باكووری شاری ره‌قه كۆنترۆڵ كران و له قوناغی دووه‌میشدا هه‌وڵی كۆنترۆڵكردنی ناوچه‌كانی رۆژئاوای ره‌ققه ده‌درێت.
قه‌ڵای جه‌عبه‌ر مێژوویه‌كه‌ی بۆ سه‌رده‌می به‌ر له ئیسلام ده‌گه‌ڕێته‌وه، یه‌كه‌م مه‌زارگه‌ی سلێمان شا بوو كه له ساڵی 1227 كۆچی دوایی كردووه، به‌ڵام به‌هۆی مه‌ترسی لافاو مه‌زارگه‌كه‌ی بۆ شوێنێكی دیكه گواستراوه‌ته‌وه.