مووسڵ بۆنی مردووی لێدێت
كه‌س ناوێرێت لاشه‌ی چه‌كداره‌كانی داعش بخاته ژێر خاك
K24 – هه‌ولێر:
له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی قۆناغی دووه‌می ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ له 29/12/2016، ده‌یان لاشه‌ی چه‌كداره كوژراوه‌كانی داعش، له گه‌ڕه‌كه‌كانی (سه‌لام، ئینتیسار، وه‌حده، فه‌له‌ستین و قودس) له رۆژهه‌ڵاتی شاره‌كه له كۆڵانه‌كاندا بڵاوبوونه‌ته‌وه.له گه‌ڕه‌كه‌كانی دیكه‌ش دۆخه‌كه به هه‌مان شێوه‌یه، به تایبه‌تی ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌شی زووتر كۆنترۆڵكراونه‌ته‌وه، كه‌س ناوێریت ئه‌و لاشانه بشارێته‌وه، ده‌ترسن بۆمبرێژبن یان به نه‌خۆشی مه‌ترسیدار پیس بووبن، هه‌ندێكیش له‌وه ده‌ترسن له لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه چاودێری بكرێن و وه‌ك كه‌سوكاری چه‌كداره كوژراوه‌كه ئه‌ژمار بكرێن و دواتر تۆڵه‌یان لێبكرێته‌وه.
لاشه‌ی چه‌كداره‌كان له شه‌قام و كۆڵانه‌كاندا كه‌وتوون، ته‌نانه‌ت به‌شێك له‌وانه جگه له په‌یكه‌ره ئێسكێك هیچی دیكه‌یان نه‌ماوه‌ته‌وه و تا ئێستا نه‌خراونه‌ته ژێر خاكه‌وه، ئه‌وانه زۆربه‌یان سه‌گه برسییه‌كان گۆشته‌كه‌یان خواردوون و ته‌نها ئێسكه‌كانیان ماوه‌ته‌وه.
هه‌شیانه پارچه قوماشیكیان به‌سه‌ردادراوه، له ته‌نیشت ئه‌وانه‌ش مانگا و ئاژه‌ڵی كوژراو ده‌بینرێت كه جه‌نگ ئه‌وانیشی كردووه‌ته سوتوو.
هه‌وای شاره‌كه بۆنی لاشه‌ی مرۆڤی لێدێت، ده‌بێت ده‌ست به لووتته‌وه بگریت تا بتوانیت به ته‌نیشت لاشه‌كاندا تێپه‌ڕیت،ئه‌وانه‌ی بۆ دابینكردنی پێداویستی رۆژانه دێنه ده‌ره‌وه، ناچارن هه‌ناسه‌كانیان رابگرن تا لاشه‌یه‌ك له كۆڵانه‌كانیان جیده‌هێڵن، ئه‌م ره‌وشه له بازارێكی میللی رۆژهه‌ڵاتی مووسڵیش به‌و جۆره‌یه.
له‌گه‌ڵ چوونه ژووره‌وه‌ی یه‌كه‌م كاروانی هێزه‌كانی عیراق بۆ گوندی گۆگجه‌لی رۆژهه‌ڵاتی مووسڵ، خه‌ڵكی له ته‌له‌فزیۆن و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، دیمه‌نه‌كانی كوشتنی چه‌كدارانی داعشیان له لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه بینی چۆن تۆڵه‌یان لێده‌كرایه‌وه، منداڵان به دوای لاشه‌كانه‌وه رایانده‌كرد، په‌نجه‌ی سه‌ركه‌وتنیان به‌رزده‌كرده‌وه و به‌ره‌و رووی كامێرا‌كان پێده‌كه‌نین، دوای پێشڕه‌وی هێزه‌كانی عێراق بۆ گه‌ره‌كه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی مووسڵ، له پاش خۆیان لاشه‌ی كوژراوه‌كانی داعشیان جێده‌هێشت، بۆ ئه‌وه‌ی ببنه خۆراكی سه‌گه برسییه‌كان، یان فرێیانده‌دانه سه‌ر زبڵ و خاشاكی ماڵان له ناو كۆڵانه‌كاندا.

ئه‌بو محه‌مه‌د خه‌ڵكی گه‌ره‌كی ته‌حریره، ده‌ڵێت" خه‌ڵكی هه‌ست به بۆگه‌نی لاشه‌كان ده‌كه‌ن، بۆیه نا‌وێرن بیانخه‌نه ژێر خاك، له نزیك شوێنی كاره‌كه‌م پاشماوه‌ی سه‌ر و ده‌ستی كه‌سێكی تێدایه، به نیازم سبه‌ینێ له‌گه‌ڵ خۆم بیخه‌مه نایلۆنێكه‌وه و هه‌ندێك خۆڵ بكه‌م به‌سه‌ریدا بۆ ئه‌وه‌ی له‌و بۆگه‌نه رزگارمان بێت".
به‌ڵام فوئاد جابر هاووڵاتییه‌كی دیكه‌ی خه‌ڵكی مووسڵه و سه‌ره‌ڕای نه‌یارێتی له‌گه‌ڵ ئامۆزایه‌كی كه چووبووه ناو داعش و كوژراوه، ده‌ڵێت" سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ناچارم به خاكی بسپێرم، ئه‌و له شه‌ڕی گه‌ڕه‌كی ئه‌ربه‌جییه كوژرا، خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كه‌كه به‌هۆی بۆنی لاشه‌كان نیگه‌رانن، ئه‌مه وایلێكردم بچم شۆفه‌ڵێك به‌كرێ بگرم و لاشه‌ی ئامۆزاكه‌م و چه‌ند چه‌كدارێكی دیكه‌ش كه نه‌مده‌ناسین بخه‌مه ژێر خۆڵه‌وه، چاڵێكی قوڵم هه‌ڵكه‌ند و لاشه‌كانم خسته ناوی".
له كاتی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ڵاحه‌دین و ئه‌نبار له ساڵی 2015 دا، داعش لاشه‌ی كوژراوه‌كانی ده‌برده‌وه پزیشكی دادیی مووسڵ، ئه‌وانه‌ی خه‌ڵكی شاره‌كه بوون ده‌یدانه‌وه ده‌ست كه‌سوكاره‌كانیان و بیانی و عه‌ره‌به‌كانی دیكه‌شی ده‌خسته ژێر خۆڵه‌وه، به‌ڵام ئێستا له‌و شاره‌دا كه دوا مۆڵگه‌ی سه‌ره‌كی داعشه له عێراق، لاشه‌ی چه‌كداره‌كان ده‌كه‌ونه سه‌ر شه‌قام و ناو ماڵ و كۆڵانه‌كان، ئه‌و شوێنه‌ی داعش له ده‌ستی ده‌دات، جارێكی دیكه ناتوانێت لاشه‌كانی به‌رێته‌وه، دۆخی شاره‌كه و داعش ته‌واو گۆڕاوه.
به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌وانی مووسڵ ناوی (عه‌بدولستار ئه‌لحه‌بو) وه به ئه‌لمۆنیتۆری گوتووه "ته‌نها له گه‌ڕه‌كی زه‌هرا و ته‌حریر 17 لاشه‌ی چه‌كدارانی داعش له پێش چاوی خه‌ڵكی كه‌وتوون، ناتوانین لاشه‌ی سێ كه‌سیان ده‌ستكاری بكه‌ین، چونكه هێشتا بۆمبه‌كانیان پێوه‌یه، تا ئه‌و كاته‌ی پشتێنه بۆمبڕێژكراوه‌كانیان پوچه‌ڵ نه‌كرێته‌وه ناتوانرێت ده‌ستكاری بكرێن و رێگه‌ی هاووڵاتیان بكرێته‌وه و ئه‌و لاشه و پیساییه‌ی له‌و گه‌ڕه‌كانه‌دایه كۆبكرێته‌وه".

به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌وانی مووسڵ هه‌روه‌ها ده‌ڵێت" له نێوان شاره‌وانی و هێزه ته‌ناهییه‌كاندا هه‌ماهه‌نگی به‌رده‌وام هه‌یه، به‌ڵام قۆناغی یه‌كه‌م پێویسته بۆمب و پشتێنه بۆمبرێژكراوه‌كان له لاشه‌كان بكرێته‌وه و پوچه‌ڵبكرێنه‌وه، ئه‌وكات رۆڵی ئێمه بۆ لادانی لاشه‌كان و خاوێنكردنه‌وه‌ی بازاڕ و كۆڵانه‌كان له لاشه و پاشماوه پیسه‌كان ده‌ستپێده‌كات، چونكه لاشه بۆمبرێژكراوه‌كان چه‌ند رۆژێكه له‌وێدان و سه‌رچاوه‌ی مه‌ترسین و دوور نییه به خه‌ڵكیدا بته‌قنه‌وه".
خه‌ڵكی مووسڵ له‌وه‌ش ده‌ترسن به‌هۆی شاردنه‌وه‌ی لاشه‌كانه‌وه له لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانی عێراقه‌وه سه‌رنجیان له‌سه‌ر درووست ببێت، به‌ڵام ئه‌وان ده‌ڵێن هیچ رێگرییه‌كمان نییه بۆ شاردنه‌وه‌ی لاشه‌كان له لایه‌ن هاووڵاتیانه‌وه.
له‌و باره‌یه‌وه فه‌رمانده‌ی فیرقه‌ی ئاڵتوونی دژه تیرۆری عێراقی، فازڵ به‌رواری رایگه‌یاند" سه‌لامه‌تی خه‌ڵكی مووسڵ و منداڵه‌كانیان لای ئێمه له پێش هه‌ر شتێكه‌وه‌یه، بۆیه رێگه‌یان لێناگرین بچن لاشه‌ی چه‌كدارانی داعش بشارنه‌وه، هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت به‌و كاره هه‌ڵبستێت ئێمه لاریمات نییه، له كۆتاییدا بابه‌ته‌كه مرۆییه".
هه‌روه‌ها گووتی" له ئۆپه‌راسیۆنی مووسڵدا و له هه‌ر دوو به‌ره‌ی باكور وباكوری رۆژهه‌ڵاتی شاره‌كه‌وه، ژماره‌ی كوژراوانی داعش 2300 كه‌سی تێپه‌ڕاندووه، ژماره‌یه‌كی زۆر لاشه‌ی چه‌كدارانی داعش هیشتا له ژێر داروپه‌ردووی باڵه‌خانه و باره‌گا رووخاوه‌كاندایه".
ئه‌و فه‌رمانده عێراقییه ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه" پاشماوه‌ی ته‌رمی خه‌ڵكی سڤیلیش له ژێر داروپه‌ردووی خانووه رووخاوه‌كاندا هه‌یه، زۆر قورسه بۆ هێزه ئه‌منییه‌كان ده‌ریانبهێنن، شاره‌وانی مووسڵیش ئه‌و توانایه‌یان نییه به زوویی هه‌موو ناوچه‌كانی شه‌ڕ له شاره‌كه‌دا خاوێن بكه‌نه‌وه و ته‌رمی سڤیله‌كانیش ده‌ربهێنن، به‌غداش هیچ پاره‌یه‌كی زیاده‌ی بۆ ته‌رخان نه‌كردوون، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له خه‌ڵكی مووسڵ ده‌ڵێن به‌هۆی زه‌حمه‌تی گواستنه‌وه‌ی ته‌رمه‌كان بۆ گۆڕستانه‌كان، له باخچه‌كانی ماڵه‌كانیاندا به خاكیان سپاردوون، چونكه شه‌ڕ و بۆردوومان ده‌رفه‌تی ئه‌و كاره‌شی لێسه‌ندوونه‌ته‌وه".
به‌گوێره‌ی گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی كوردستان24 خه‌ڵكی گه‌ره‌كی قودس خۆیان لاشه‌ی چه‌كدارێكی داعش راده‌كێشن و له ماڵێكدا ده‌ریده‌هێنن و ده‌یبه‌ن بۆ شوێنێكی دیكه، خه‌ڵكی مووسڵ له‌گه‌ڵ لاشه‌كان راهاتوون و دۆخیك به‌سه‌ر شاره‌كه‌یاندا هاتووه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی عێراق چه‌كداره‌كانی داعشیان به زیندوویه‌تی و دام و ده‌زگاكانیانه‌وه لیدوورخستوونه‌ته‌وه، به‌ڵام هیشتا له زۆربه‌ی گه‌ره‌كه‌كان، مۆته‌كه‌ی داعش به‌رۆكی خه‌ڵكی به‌رنه‌داوه و هێشتا له‌گه‌ڵ لاشه‌ی چه‌كداره كوژراوه‌كانی داعشدا ده‌ژین.
سه‌رچاوه: ئه‌لمۆنیتۆر به ده‌ستكاری و زیادكردنه‌وه
نووسینی: ع.ق