داوای زیندانی ھەتا ھەتایی یوكسەكداغ دەكرێت

زیاتر لە دوو مانگە ھاوسەرۆكانی ھەدەپە و ژمارەیەك پەرلەمانتاری ئەو حزبە لە زینداندان

K24 - ھەولێر

داواكاری گشتی توركیا داوای زیندانی ھەتا ھەتایی بۆ فیگه‌ن یوكسه‌كداغ ھاوسەرۆكی گشتی پارتی دیموكراتی گەلان (ھەدەپە) دەكات.

بە گوێرەی میدیاكانی توركیا سەرۆكایەتی داواكاری گشتی توركیا لە شاری وان، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە كردن بۆ پەكەكە و سوكایەتی كردن بە دامودەزگاكانی دەوڵەت" داوای زیندانی ھەتا ھەتایی بۆ یوكسەكداغ كردووە.

فیگەن یوكسەكداغ ھاوسەرۆكی ھەدەپە كە ھاوكات پارلەمانتاری شاری وانە لە 4/11/2016 لە لایەن حكوومەتی توركیا دەستبەسەركرا و پارێزبەندی  لەسەر ھەڵگیرا و دادگا لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەستپێكرد.

لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2016، توركیا ھەڵمەتی دەستگیركردنی پەرلەمانتارانی ھەدەپە دەستپێكرد و ھاوسەرۆكانی و 10 پەرلەمانتارانی ئەو پارتە دەستگیركران، تا ئێستا بە تۆمەتی پڕوپاگەندە بۆ پەكەكە و سوكایەتیكردن بە دامودەزگاكانی دەوڵەت لە زینداندان.