عه‌بادى وه‌زيرى دارايى به وه‌كاله‌ت ده‌ستنيشانكرد
په‌رله‌مانتارێكى كورديش ره‌خنه له بڕياره‌كه ده‌گرێت.
K24 – هه‌ولێر:
حكومه‌تى عيراق بڕياريدا، پۆستى وه‌زاره‌تى دارايى به وه‌كاله‌ت پڕ بكاته‌وه و په‌رله‌مانتارێكى كورديش ره‌خنه له بڕياره‌كه ده‌گرێت.
ئه‌مڕۆ سه‌رۆكى حكومه‌تى عێراق حه‌يده‌ر عه‌بادى له كۆبوونه‌وه‌ى هه‌فتانه‌ى كابينه‌ى حكومه‌تدا بڕياريدا وه‌زيرى خوێندنى باڵا عه‌بدولڕه‌زاق عيسا به وه‌كاله‌ت بكاته وه‌زيرى دارايى.
له‌و باره‌يه‌وه ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له فراكسيۆنى پارتى ديموكراتى كوردستان عه‌ره‌فات كه‌رم ره‌خنه‌ى له بڕياره‌كه گرت و رايگه‌ياند، عه‌بادى سه‌رقاڵى هه‌رێمى كوردستانى به پرسه ناوخۆييهكانهوه قۆستووه‌ته‌وه بۆ ئه‌نجامدانى ئه‌و گۆڕانكارييه و دياركردنى وه‌زيرێك له جێگه‌ى وه‌زيرى دارايى هۆشيار زێبارى.
عه‌ره‌فات كه‌ره‌م، له لێدوانيكيدا بۆ سايته عێراقييه‌كان گوتويهتى: "سه‌رۆك وه‌زيران حه‌يده‌ر عه‌بادى له‌و بڕيارهيدا نهيپێكاوه".
ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه كردووه، پێويست بوو عه‌بادى بريكارى وه‌زاره‌تى دارايى فازڵ نه‌بى بكاته وه‌زيرى دارايى به وه‌كاله‌ت و ئه‌و له پێشتر بوو بۆ پڕكردنه‌وه‌ى ئه‌و پۆسته تا ئه‌و كاته‌ى پرسى كانديدى پارتى ديموكراتى كوردستان بۆ ئه‌و پۆسته يه‌كلا ده‌بوويه‌وه.
هه‌روه‌ها گوتويهتى: "پۆستى وه‌زاره‌تى دارايى پشكى پارتى ديموكراتى كوردستانه و هه‌موو لايه‌ك ئه‌و راستييه ده‌زانن و ئه‌و پرسه سازشى له‌سه‌ر ناكرێت".
ئ.هـ