له جامی جیهانی تۆپی ده‌ست هه‌ڵبژارده گه‌وره‌كان بارودۆخیان خراپه
ئارجێنتین ریكۆردێكی ڕه‌ش و به‌رازیلیش له‌سه‌ر لێواری ماڵئاواییكردنه
جامی جیهانی تۆپی ده‌ستی 2017 له وڵاتی فره‌نسا به به‌شداریی 32 هه‌ڵبژارده به‌رده‌وامی هه‌یه، هه‌ڵبژارده‌كانی به‌رازیل و ئارجێنتینا تا دێت زیاتر هانده‌رانی بێهیوا ده‌كه‌ن.
هه‌ڵبژارده‌ی تانگۆ له‌م پاڵه‌وانییه‌تییه‌دا كه‌وتۆته گرووپی چواره‌م و شانبه‌شانی هه‌ڵبژارده‌كانی دانیمارك، میسر، سوید، قه‌ته‌ر و به‌حرێن) یاری ده‌كات، چوار یاری ئه‌نجامداوه و هه‌ر چوارییه‌كه‌شی دۆڕاندووه و كه‌وتۆته دوایین خانه‌ی كۆمه‌ڵه‌كه‌ی.
دوایین شكستی تانگۆ به‌رامبه‌ر قه‌ته‌ر بوو، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی تر هانده‌رانی توڕه و نیگه‌ران كرد، به‌رده‌وامیش میدیاكانی وڵاته‌كه‌ی سه‌رزنشتی شاندی هه‌ڵبژارده‌كه‌ی له جامی جیهانی تۆپی ده‌ست ده‌كه‌ن و به ریكۆردێكی ڕه‌شی وه‌سف ده‌كه‌ن.
هه‌ڵبژارده‌ی به‌رازیلیش كه‌وتۆته گرووپی یه‌كه‌م و شانبه‌شانی هه‌ڵبژارده‌كانی (فره‌نسا، نه‌رویج، رووسیا، پۆڵه‌ندا و ژاپۆن) یاری ده‌كات و كه‌مێك بارودۆخی له هی تانگۆ باشتره، له 4 یاری رابردوو، 2 شكستی هه‌یه و 2 سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه و به كۆكردنه‌وه‌ی 4 خاڵ پله‌ی دووه‌می كۆمه‌ڵه‌كه‌ی گرتووه، دوایین یاری سه‌ماكه‌ره‌كانی به‌رازیل به‌شكست كۆتایی هات، كاتێك به‌رامبه‌ر نه‌رویج به ئه‌نجامی (29 ـ 26) گۆڵ یارییه‌كه‌ی دۆڕاند.
به‌رازیل سبه‌ی پێنجشه‌ممه له كاتژمێر 4:00ـی ئێواره به كاتی باشووری كوردستان رووبه‌ڕووی رووسیا ده‌بێته‌وه، هه‌ڵبژارده‌ی ئارجێنتیناش رۆژی هه‌ینی داهاتوو له‌هه‌مان كات به‌رامبه‌ر به‌حرێن یاری ده‌كات.
جامی جیهانی تۆپی ده‌ست 2 ساڵ جارێك ده‌كرێت، هه‌ڵبژارده‌ی سوید و رۆمانیا هه‌ریه‌كه‌یان 4 جار بوونه‌ته پاڵه‌وان، هه‌ڵبژارده‌ی فره‌نسا به 5 نازناو خاوه‌نی زۆرترین بردنه‌وه‌ی جامی جیهانی تۆپی ده‌سته، هه‌ڵبژارده‌ی به‌رازیل و ئارجێنتیناش تا ئێسته هیچ ده‌ستكه‌وتێكی باشیان نه‌بووه، ته‌نانه‌ت پله‌ی سێیه‌میشیان به‌ده‌ستنه‌هێناوه.
