ئەمڕۆ لەسەر سەکۆی سەرەکی کۆڕبەندیی داڤۆس جیھان گوێی لە بۆچوونەکانی بارزانی دەبێت

ئەمڕۆ دوایین رۆژی کۆڕبەندەکەیە

K24 - ھەولێر

سەرۆكی ھەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی لە دوایین رۆژی كۆڕبەندی ئابووریی جیھان لە داڤۆسی سویسڕا لە پانێلی تایبەت بە عێراق و سوریا، بەتایبەتی شەڕی دژی داعش بەشداری دەكات كە ھەر یەك لە ستیفان دی میستورا نێردراوی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووكان بۆ سوریا، محەمەد شیمشەك جێگری سەرۆك وەزرانی توركیا، مەجید جەعفەر بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای نەوتی ھیلال Crescent Petroleum و مینا ئورێبی لە رۆژنامەی "شرق الاوسط" بەشداری تێیدا دەكەن.

سەرۆك بارزانی لە یەكەم رۆژی كۆڕبەندی ئابووریی جیھان ئامادەی دانیشتنەكانی بوو، كە رۆژی سێشەممە 17 كانوونی دووەمی 2017 بە بەشداری رێبەرانی سیاسی و ئابووری جیھان و ناوچەیی، ئەكادیمی و پیشەسازی و میدیاكاران لە داڤۆسی سویس دەستیپێكرد.

بارزانی لە ماوەی سێ رۆژی رابردوو چەندین كۆبوونەوەی گرنگی ئەنجامدا و لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیش بیروبۆچوونی خۆی لە بارەی پرسە جیاوازەكانی كوردستان، عێراق و جیھان خستەڕوو.

ھەر لەو چاوپێكەوتنەدا گوتی 2016 ساڵی سه‌ركه‌وتنی كوردستان بوو و له‌ باره‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانيش دووپاتیكرده‌وه‌، هه‌رگیز واز له‌ پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی ناهێنن و رێككەوتنی پارتی و یەكێتیش بۆ چارەسەركردنی كێشەكان گرنگ زانی.

سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لە پەراوێزی كۆڕبەندی ئابووریی جیھان بە جیا لەگەڵ ھەر یەك كە جێگری سەرۆكی  ویلایەتە یەكگرتووەكانی  ئەمریكا جۆ بایدن ، سەرۆکی ئازەربایجان ئیلهام عەلییف، سه‌رۆك وه‌زیرانی هۆڵه‌ندا مارك رووته‌، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى نه‌رويج بورگ برينده، به‌رپرسی كاروباری  ده‌ره‌وه‌ و ئاسایشی  یه‌كێتی ئه‌وروپا فیدیریكا مۆگرینی، وه‌زیرانی به‌رگری ئه‌ڵمانیا، هۆڵه‌ندا و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئو‌رد‌ن، سه‌رۆكی كۆمپانیای شێڤرۆن و زۆرێك لە بەشدارانی دیكەی كۆڕبەندی ئابووریی جیھان كۆبووه‌وه‌. ‌ 

كۆبوونه‌وه‌ى بارزانى و بايدن له‌ داڤۆس، 17ى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى 2017، وێنه‌ له‌ ماڵپه‌ڕى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێمى كوردستان وه‌رگيراوه‌.
كۆبوونه‌وه‌ى بارزانى و بايدن له‌ داڤۆس، 17ى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى 2017، وێنه‌ له‌ ماڵپه‌ڕى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێمى كوردستان وه‌رگيراوه‌.

 لە پانێلی ئەمڕۆی كۆڕبەندی ئابووریی جیھان لە بارەی عێراق و سوریا، بەتایبەتی شەڕی دژی داعش گوێ لە بۆچوونەكانی بارزانی دەگرێت، لە كاتێكدا  کە پێشمەرگە بە فەرماندەیی بارزانی یەکەمین ھێزی کاریگەری زەمینی بوو داعشی تێکشکاند و دەرگای بۆ ھێزەکانی عێراق کردەوە تا پێشڕەوی بکەن و ئێستا رۆژھەڵاتی مووسڵیان کۆنترۆڵکردووەتەوە کە مۆڵگەی سەرەکی داعشە لە عێراق.

شەڕی دژی داعش و پەرەپێدانی پەیوەندیی دوو لایەنە و پێشخستنی پرسی چارەنووسی گەلی كورد و بەدەستھێنانی پشتگیری نێودەوڵەتی بۆ ھەرێمی كوردستان و پێشمەرگە لە گرنگترین ئەو بابەتانە بوون كە سەرۆكی ھەرێم لە ماوەی سێ رۆژی رابردوو لەگەڵ  ژمارەیەك بەرپرس و نوێنەرانی وڵاتانی بەشداری كۆڕبەندەكە تاوتوێ كرد.

ھەر لە پانێلی ئەمڕۆ، بارزانی بۆچوونەكانی لەبارەی شەڕی دژی داعش و رۆڵی پێشمەرگە لەم شەڕەدا و چەندین بابەتی دیكەی پەیوەندار بە كوردستان، عێراق و ناوچە  دەخاتەڕوو و كوردستان24 راستەوخۆ بۆ بینەرانی دەگوازێتەوە.

لە 47 مین کۆڕبەندی ئەمساڵی داڤۆس نزیکەی 4 ھەزار کەس کە لە سەرۆک، سەرۆک وەزیران، دیپلۆماتکار و بازرگان پێکدێن، بەشدارن.

ئامانجی کۆڕبەندەکە دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو و بەپەلەی بۆ کێشە ئابووری و سیاسییەکانی جیھانە.

تیمی كوردستان24 بەشدارە لە كۆڕبەندی ئابووریی جیھان و بە بەردەوامی روماڵی كۆڕبەندەكە و پانێل و بابەتەكانی دەكات و چاوپێكەوتنێكی ھاوبەشی بارزانی بۆ بینەرانی گواستەوە كە چەندین تەوەری جیاوازی لە خوە گرتبوو و گرنگرتینیان چۆنییەتی چارەسەركردنی قەیرانەكانی ھەرێمی كوردستان و بەدەستھێنانی پشتگیری نێودەوڵەتی بۆ ھەرێمی كوردستان بوو.

مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئیلهام عەلییف سەرۆکی ئازەربایجان، داڤۆس 18 كانوونی دووەمی 2017
مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئیلهام عەلییف سەرۆکی ئازەربایجان، داڤۆس 18 كانوونی دووەمی 2017

گرنگترین رووداوەكانی كۆڕبەندی ئابووریی جیھان لە داڤۆس

لە ساڵی 1988 رێبەرانی توركیا و یۆنان "بەیاننامەی داڤۆس"یان ئێمزا كرد بۆ پێشیگرتن بە شەر.

ساڵی 1989 بۆ یەكەمجار بەرپرسانی ھەردوو كوریا لەسەر ئاستی وەزیران كۆ بوونەوە.

ھەر ئەو سال باس لە یەكگرتنی ئەڵمانیای رۆژئاوا و رۆژھەڵات كرا.

لە سالی 1994 یاسر عەرەفات رێبەری رێكخراوی رزگاریخوازی فەڵەستین و شیمۆن پرێز وەزیری دەرەوەی ئەوكاتی ئیسرائیل بۆ یەكەمجار لەبارەی غەزە و ئەریحا Jericho  رێككەوتن.

دوایین رووداوی گرنگی كوڕبەندی ئابووریی جیھان لە داڤۆس لە ساڵی 2009 روویدا، ئەوكاتەی رەجەب تەیب ئەردوغان سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی توركیا لە ئەنجامی قسەكانی گەڵ شیمۆن پرێز سەرۆكی ئەوكاتی ئیسرائیل، كۆبوونەوەكەی بەجێھێشت و گوتی پێم وا نییە جارێكی دیكە بێمە ئەو كۆبونەوەیە، كۆبوونەوەكە لە توركیا و وڵاتانی عەرەبی بە "خولەكێك" one minute  ناوی دەركرد و وڵاتانی عەرەبی پێشوازییان لەم كارەی ئەردۆغان كرد.

JS