بارزانى بانگهێشتى بايدن بۆ سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات

سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێمى كوردستان رايگه‌ياند، له‌ ديدارى نێوانياندا، مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، بانگهێشتى جێگرى سه‌رۆكى ئه‌مريكا جۆ بايدنى كردووه‌

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێمى كوردستان رايگه‌ياند، له‌ ديدارى نێوانياندا، مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، بانگهێشتى جێگرى سه‌رۆكى ئه‌مريكا جۆ بايدنى كردووه‌ سه‌ردانى كوردستان بكات و له‌ به‌رامبه‌ردا ناوبراو بانگهێشته‌كه‌ى قبووڵكردووه‌.

سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ باره‌ى چالاكييه‌كانى دوێنێى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ داڤۆس راگه‌يه‌ندراوێكى بڵاوكرده‌وه‌.

ده‌قى راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌:

رۆژی سێشەممە 17ـی 1ـی 2017 لە پەراوێزی یەكەم ڕۆژی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی داڤوس بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە لایەن جۆ بایدن جێگری سەرۆكی ئەمەریكا پێشوازیی لێكرا.

لە دیدارەكەدا جێگری سەرۆكی ئەمەریكا وێڕای ئاماژەدان بە دۆستایەتیی هەژدەساڵەی نێوان خۆی و سەرۆك بارزانی شانازی بەم دۆستایەتییە كرد و هەروەها سوپاسی سەرۆك بارزانی و پێشمەرگە و گەلی كوردستانی كرد كە سەركەوتووانە بەشدارییان لە شەڕی دژی تیرۆریستان كردووە و پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی شەڕی دژی داعشی لە سەرۆك بارزانی و پێشمەرگە كرد.

لەبارەی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵیش جێگری سەرۆكی ئەمەریكا پێزانینی هەبوو بۆ هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی سوپای عێراق كە ئەنجامی زۆر باشی لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا هەبووە.

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێست و پشتگیرییەكانی جێگری سەرۆكی ئەمەریكای كرد و دەستخۆشی لە گەل و حكوومەت و سەرۆكی ئەمەریكا كرد بۆ پشتیوانیكردنی گەلی كوردستان و پێشمەرگە و هیوای خواست ئەو پشتیوانییە بەردەوام بێت.

هەر لەم دیدارەدا ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی عێراق و ئاییندەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا و جێگری سەرۆكی ئەمەریكا وێڕای ئاماژەدان بە پاڵپشتییەكانی ئەمەریكا بۆ گەلی كوردستان هیوای ئەوەی خواست كە ئیدارەی تازەی ئەمەریكا بەردەوام بێت لە دۆستایەتی و پاڵپشتیكردنی گەلی كوردستان.

هەر لەم دیدارەدا سەرۆك بارزانی بانگهێشتی جێگری سەرۆكی ئەمەریكای كرد كە وەك دۆستێكی گەلی كوردستان سەردانی هەرێمی كوردستان بكات و جێگری سەرۆكی ئەمەریكایش بانگهێشتەكەی سەرۆك بارزانی قبوڵ كرد. 

ئێوارەی هەمان ڕۆژ و لە پەراوێزی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی داڤوس بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بۆرك بریندا وەزیری دەرەوەی نەرویژ كۆبۆوە.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی عێراق و كوردستان و شەڕی موسڵ و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش تاوتوێ كرا. هەروەها ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی مرۆیی ئاوارەكان و ئاستی پێشكەشكردنی یارمەتی بۆ ئاوارەكان لە لایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و كاریگەریی گۆڕینی ئیدارەی ئەمەریكا لەسەر پێشهاتە سیاسییەكانی گۆڕەپانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ئاڵوگۆڕ كرا.

جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم دیدارانەدا فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان یاوەری سەرۆك بارزانی بوون.

ئ.ه