ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه له ئه‌ڵمانیا مه‌شق له‌سه‌ر رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی چه‌كی كیمیایی ده‌كه‌ن
چه‌ندین جار چه‌كی كیمیایی دژی پێشمه‌رگه به‌كارهێنراوه
K24 – هه‌ولێر:
بۆ رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی چه‌كی كیمیایی، یه‌كه‌یه‌كی سه‌ربازی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له ئه‌ڵمانیا مه‌شقیان پێكراوه و دوای بینینی خولێكی تایبه‌ت، رۆژی شه‌ممه كۆتاییان به‌و راهێنانه هێناوه.
سه‌لام چالی، فه‌رمانده‌ی ده‌سته‌ی رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی چه‌كی كیمیایی له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، رایگه‌یاندووه" تیمێكی 15 كه‌سی پێشمه‌رگه سه‌ر به ده‌سته‌ی رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی چه‌كی كیمیایی له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، له‌سه‌ر چۆنییه‌تی رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی چه‌كی كیمیایی، خولێكی تایبه‌تیان له ئه‌ڵمانیا ته‌واوكردووه، كه ماوه‌ی دوو هه‌فته به‌رده‌وام بووه".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی" له‌و ماوه‌یه‌دا پێشمه‌رگه‌كان له‌سه‌ر چۆنییه‌تی خۆپاراستن له چه‌كی كیمیایی و گازی كیمیایی و پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی بۆمب و بۆمبی كیمیایی و رێگه‌گرتن له دوژمنان تا نه‌توانن بۆمبی كیمیایی درووستبكه‌ن، مه‌شقیان پێكراوه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه" له هه‌مان كاتدا گرووپێكی دیكه‌ی پێشمه‌رگه له شاری سلێمانی، له‌سه‌ر ده‌ستی شاره‌زایانی بواری چه‌كی كیمیایی له وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق، راهێنان ده‌كه‌ن".
.jpg)
مانگی رابردوو به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه رایانگه‌یاندبوو" یه‌كه‌مین ده‌سته‌ی سه‌ربازی تایبه‌ت به رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی چه‌كی كیمیایی، له هه‌رێمی كوردستان درووستكراوه".
جێگای بیرهێنانه‌وه‌یه، له ماوه‌ی زیاتر له دوو ساڵی شه‌ڕی نێوان داعش و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، چه‌كدارانی داعش چه‌ندین جار چه‌كی كیمیایی و گازی كیمیایی جۆراوجۆریان له چه‌ندین به‌ره‌ی شه‌ڕ دژی پێشمه‌رگه به‌كارهێنابوو، ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ش به‌و چه‌كانه به‌ركه‌وتبوون".