ئامادەكاری بۆ كۆنترۆڵكردنی رۆژئاوای موسڵ دەكرێت
چەندین پرد لەسەر رووباری دیجلە لە باشووری موسڵ دروست دەكرێن وەك ئامادەكارییەك بۆ ھێرشكردنە سەر بەری رۆژئاوای شارەكە
- ھەولێر
ھێزەكانی عێراق بە ئامادەكردنی پلانی كۆنترۆڵكردنی بەری رۆژئاوای موسڵ، ھەوڵی بەتەواوەتی كۆنترۆڵكردنی ئەو گەڕەكانەی ژێر دەستی داعش دەدەن كە لە باكووری شار لە بەری چەپ ھەڵكەوتوون.
بەڵام بە ھۆی چڕی دانیشتوان لە بەری رۆژئاوای موسڵ ھۆشداری كارەساتی مرۆیی دەدرێت، لەو كاتەی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی ئەو بەشەی شارەكە دەستپێدەكات.
گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی عێراق، عەمید یەحیا رەسوڵ گوتی پلانێكیان ھەیە بۆ چوونە ناوەوەی بەری رۆژئاوای موسڵی ژێر دەستی داعش، پاش ئەوەی داعش بەشێك لە پردەكانی نێوان ھەردوو بەری شارەكە لەسەر روباری دیجلە تەقاندەوە.
ئەو بەرپرسە سەربازییەی عێراق ئاماژەی بەوەدا 50 ھەزار ھاووڵاتی لە بەری رۆژئاوای موسڵ ھەن و پێداگریشی لەسەر گرنگی پاراستنی ژیانیان كرد.
لە لایەكی ترەوە، بە گوتەی شایەدحاڵان داعش ھۆتێلێكی بەناوبانگ لە بەری رۆژئاوای موسڵ تەقاندەوە، بۆ ئەوەی ھێزەكانی عێراق وەك بنكەیەك بۆ ھێرشەكانیان بەكار نەھێنن.
ھێزەكانی عێراق تەواوی بەری چەپی موسڵیان، بێجگە لە گەڕەكی راشیدیە لە باكوور كۆنترۆڵ كردووە و چەندین پرد لەسەر رووباری دیجلە لە باشووری موسڵ دروست دەكات وەك ئامادەكارییەك بۆ ھێرشكردنە سەر بەری رۆژئاوای شارەكە.
ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی موسڵ رۆژی 17 تشرینی یەكەمی 2016 بە بەشداری 100 ھەزار كەس لە ھێزەكانی عێراقی و كوردستانی دەستپێكرد و پاش ئەوەی ھێزەكانی پێشمەرگە زۆربەی ناوچەكانی دەوروبەری موسڵیان كۆنترۆڵ كرد، رێگە بۆ ھێزەكانی عێراق كردەوە بەرەو بەری چەپی موسڵ پێشڕەوی بكەن.
سەرچاوە: alarabiya
JS