"هه‌رگیز درۆتان له‌گه‌ڵدا ناكه‌م"
گوته‌بێژی كۆشكی سپی به‌ڵێن به رۆژنامه‌نووسان ده‌دات
K24 – هه‌ولێر:
شۆن سپایسه‌ر گوته‌بێژی كۆشكی سپی به‌ڵێن ده‌دات، هه‌رگیز درۆ له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووساندا نه‌كات، ئه‌و به‌ڵێنه‌شی پاش ئه‌وه‌بوو، به‌هۆی قسه‌كانی سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه ده‌رباره‌ی ئاماده‌بوانی رۆژی 20/1/2017 ی رێوڕه‌سمی ده‌ستبه‌كاربوونی سه‌رۆك تره‌مپ، رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌ی رۆژنامه‌نووسان بووه‌وه.
رۆژی شه‌ممه‌ی رابردوو سپایسه‌ر به رۆژنامه‌نووسانی گوتبوو" رێوڕه‌سمی ده‌ستبه‌كاربوونی تره‌مپ زۆرترین ژماره‌ی خه‌ڵكی به‌شدارییان تێداكردووه".
به‌ڵام وێنه‌كان پێچه‌وانه‌ی قسه‌كانی سپایسه‌ریان ده‌رخست، ده‌ركه‌وت بۆشایی مه‌یدانه‌كه له چاو كاتی ده‌ستبه‌كاربوونی ئۆباما له ساڵی 2009 زۆرتره، نه‌ك ئه‌و خه‌ڵكه‌ی ئاماده‌بوون.
هه‌ر بۆیه قسه‌كانی گوته‌بێژی كۆشكی سپی ره‌خنه‌ی زۆری لێ‌گیرا، رۆژی دوو شه‌ممه له كاتی یه‌كه‌م دیداری له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌واناندا له كۆشكی سپی، رۆژنامه‌نووسێك لێیپرسی" ئایا ده‌ته‌وێت هه‌میشه راستییه‌كان بڵێیت؟".
له وه‌لامدا شۆن سپایسه‌ر گوته‌بێژی كۆشكی سپی گووتی" نیازموایه هیچ كاتێك درۆتان له‌گه‌ڵدا نه‌كه‌م".
هه‌روه‌ها گووتی" تره‌مپ و راوێژكاره‌كانی له رووماڵی رێوڕه‌سمه‌كه ناڕه‌حه‌ت بوون، چونكه میدیاكان فۆكسیان خستبووه سه‌ر چه‌ند شوێنێكی به تاڵ، ئه‌مه‌ش زیانی بۆ راستگۆییان هه‌یه، به‌ڵام ده‌موێت په‌یوه‌ندییه‌كی باشم له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووساندا هه‌بێت".