بازاڕی كوردان لە مووسڵ دەبوژێتەوە

داعش مامەڵەی جیاوازی لەگەڵ دوكاندار و كاسبكارانی بازاڕی كوردان كردووە

K24 - مووسڵ

لە رۆژھەڵاتی شاری مووسڵ، بازاڕێکی ھەیە ناوی بازاڕی کوردانە و زیاتر لە 60% رێژەی دوكاندار و كاسبكارانی بازاڕەكە کوردن، دوای رزگارکردنی بازاڕەکە لە دەست چەکدارانی داعش ئەو کوردانەی شارەکەیان جێ نەھێشتبوو دەستیان بە كار و كەسابەت كردوەتەوە و لەبارەی كاری رۆژانەیان بۆ کوردستان24، دەدوێن و باس لەوە دەكەن کە داعش جیاوازتر لە ناوچەكانی دیكەی مووسڵ مامەڵەی لەگەڵ كوردانی ئەو بازاڕە دەكرد و بەردەوام چاودێری بازاڕەکەی دەکرد.

 بازاڕی كوردان (سوق الاکراد) یەکێکە لەشوێنە دیارەکانی بەری چەپی مووسڵ، بەھۆی زۆری کوردەوە بازاڕەکە بەناوی ئەو نەتەوەیەوە ناونراوە، ھەفتەیەک تێدەپەڕێت بەسەر کۆنترۆڵکردنەوەی ئەم بازاڕە لە چەکدارانی داعش، بەڵام ھێشتا دوکانەکانی ئێرە داخراون و بەشێکی زۆریانیش خاوەنەکانیان نەگەڕانەتەوە سەر کارەکانیان، ھەندێكیشان كە لەوێ مابوونەوە دوكانەكانیان كردووەتەوە و سەرقاڵی كاری رۆژانەی خۆیانن.