حكومەتی ھەرێم رێوشوێنەكانی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌كانی موسڵ دەخاتەڕوو
لە ماوەی ئۆپه‌راسيۆنى موسڵ 95 ھەزار كەس روویان كردۆتە ھەرێمی كوردستان
K24 - ھەولێر
حكومەتی ھەرێمی كوردستان بە خستنەڕووی ژمارەی ئاوارەكانی شەڕی موسڵ، رێوشوێن و ئاسناكارییەكانیشی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاره‌زوومه‌ندانه‌ی ئەو ئاوارانە دەخاتەڕوو.
بە پێی ھەواڵێكی ماڵپەری حكومەتی ھەرێم، له سه‌ره‌تاى ئۆپه‌راسيۆنى رزگاركردنى موسڵ له رۆژی 17 تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو، 95 ھەزار ئاوارەی موسڵ روویان كردووەتە ھەرێمی كوردستان.
راگەیاندراوی وەزارەتی ناوخۆ، لەمبارەوە بە ئاماژەپێدان بە كۆنترۆڵكردنی بەری چەپی موسڵ، باس لە ھەوڵەكانی حكومەتی ھەرێم دەكات بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاره‌زوومه‌ندانه‌ی ئاواره‌كان بۆ ناوچه رزگاركراوەكانیان كە تێڕوانينى نه‌گۆڕ و روونى ھەیە لەبارەی گهڕانهوەى ئاواره‌كان و پێویستە لە كاتی گه‌ڕانه‌وەیان به‌رژه‌وه‌ندیی هاوڵاتيانى ئاواره له‌به‌رچاو بگرێت و بە پێی ياساى مرۆيى نێوده‌وڵه‌تى مامەڵە لەگەل ئەم پرسە بكرێت، لەوانە ئاره‌زوومه‌ندانه و سه‌لامه‌تی گەڕانەوەیان.
حكومەتی ھەرێم ھەر جورە داخستنی كەمپەكانی ئاوارەكان بە دوور و بەپێچهوانهى سياسه‌تى خۆی دەزانێت، لەگەڵ ئەوەشدا پێشوازى له گه‌رانه‌وه‌ى ئاواره‌كان ده‌كات بۆ شوێنه‌كانيان و بە پێی توانایی خۆیشی ئاسانكاری بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاره‌زوومه‌ندانه‌ى ئاواره‌كان دەكات.
ژمارەی ئاوارە و پەنابەران لە ھەرێمی كوردستان لە ناوەڕاستی ساڵی 2014ـەوە بە نزیكەی 1.8 ملیۆن كەس ئەژمار كردووە و بێ بەرچاوگرتنی جياوازى نه‌ته‌وه‌يى، ئايينى و پێشخانى سياسى هه‌موو جورە خزمهتگوزاريیهكانى ئاسايش و پاراستن و خزمه‌تگوزاریی گشتى بۆیان دابين كردووە.
لە كۆتاییدا بەھۆی سنوورداربوونی تواناییەكانی حكومەت بۆ به‌ڕێوه‌بردنى ئه‌و قه‌يرانه مرۆييه، داوا له حكومه‌تى عێراق و كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى ده‌كات به‌رده‌وام بن له‌سه‌ر دابينكردنى هاوكارى مرۆيى و خزمه‌تگوزارى بنه‌ڕه‌تى بۆ ئه‌و ئاوارانه‌ى تا ئێستا بڕياريان نه‌داوه بگه‌رێنه‌وه بۆ شوێنه‌كانيان بەھۆی دڵنیا نەبوون لە رەوشی ناوچەكانیان.
ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ رۆژی 17 تشرینی یه‌كه‌می 2016 به به‌شداری 100 هه‌زار كه‌س له هێزه‌كانی عێراقی و كوردستانی ده‌ستیپێكرد و پاش كۆنترۆڵكردنی ته‌واوی ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری موسڵ لە سەرەتاكانی ئۆپەراسیۆنەكە، دوای سێ مانگ تەواوی گه‌ڕه‌كه‌كانی به‌ری چه‌پی موسڵ كۆنتڕۆل كران.
سەرۆك وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی رۆژی سیشەممە 24 كانوونی دووەمی 2017 بە فەرمی كۆنترۆڵكردنی بەری چەپی موسڵی راگەیاند، پاش ئەوەی فەرماندە سەربازییەكانی عێراق رۆژی 18 ئەم مانگە كۆنتڕۆڵ كردنی ئەم شوێنەیان راگەیاندبوو.
داعش رۆژی 10 حوزەیرانی 2014 دەستی بە سەر شاری موسڵ گرت، پاش ئەوەی كە ھێزە ئەمنی و سەربازییەكانی عێراق بێ ھیچ بەرگرییەك شارەكەیان چوڵكرد و چەكەكانیان فرێدا.
JS