خولی نایابی كوردستان به 3 یاری ئاگرین ده‌ستپێده‌كاته‌وه
مێژووی رووبه‌ڕبوونه‌وه‌كان و ئاماره‌كانیان له‌م وه‌رزه بخوێنه‌وه
یارییه‌كانی خولی نایابی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به ئه‌نجامدانی 3 یاری ده‌ستپێده‌كاته‌وه، سبه‌ی پێنجشه‌ممه له پایته‌ختی باشووری كوردستان، برایه‌تی و هه‌ولێر به‌یه‌ك ده‌گه‌ن، یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێریش بۆ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی زێره‌ڤانی گه‌شتی دهۆكی كردووه، یانه‌ی نه‌ورۆزیش بۆ به‌ره‌نگاریبوونه‌وه‌ی گازی باكوور روویكردۆته بابه‌گوڕگوڕ.
.jpg)
برایه‌تی ـ هه‌ولێر
ئه‌م دوویانه‌یه له قۆناخی یه‌كه‌م به یه‌كسانبوون به گۆڵێك یاریگه‌یان جێهێشت، دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌مان سیناریۆ له یارییه‌كه‌ی سبه‌ی ئه‌وه‌نده‌ی دیكه له گه‌یشتن به قۆناخی پێشكۆتایی دوورده‌كه‌ونه‌وه، له رووی ئه‌نجام و ئاماره‌كانی ئه‌م وه‌رزه بارودۆخیان له‌یه‌كتر نزیكه، به‌وپێیه‌ی هه‌ولێر به 12 خاڵ و برایه‌تی به 11 خاڵ له خانه‌كانی سێیه‌م و چواره‌می كۆمه‌ڵه‌كه‌یان دێن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جیاوازییه گه‌وره‌كه‌ی دروست كردووه، بوونی هێڵێكی هێرشبه‌ری تۆقێنه‌ری هه‌ولێره كه ئه‌م وه‌رزه زۆرترین گۆڵیان تۆمار كردووه، له كاتێكدا یانه‌ی برایه‌تی به‌ده‌ست خراپی هێڵی پێشه‌وه‌ی ده‌ناڵێنێت و هێرشبه‌رانیان 180 خوله‌كه هیچ گۆڵێكیان تۆمار نه‌كردووه، به 4 گۆڵ خاوه‌نی كه‌مترین و لاوازترین هێڵی هێرشبه‌رن له‌سه‌رئاستی سه‌رجه‌م یانه‌كان.
دوایینجار كه یانه‌ی هه‌ولێر سه‌ردانی ئه‌م یاریگه‌ی كردبێت، وه‌رزی 2014 ـ 2015 بوو، كاتێك هێرشبه‌رانی هه‌ولێر فێستیڤاڵی گۆڵكردنیان تۆمار كرد و به ئه‌نجامی 5 گۆڵ به‌رامبه‌ر 2 گۆڵ له یاریگه هاتنه ده‌ره‌وه.

زێره‌ڤانی ـ پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر
ئه‌م یارییه له ڕووی میدیاییه‌وه بارودۆخێكی تایبه‌تی هه‌یه، به‌وپێیه‌ی سه‌میر بابۆ كه له قۆناخی دووه‌م بۆ ماڵه كۆنه‌كه‌ی گه‌ڕایه‌وه، ئه‌مڕۆ رووبه‌ڕووی ئه‌و یانه‌یه ده‌بێته‌وه كه له قۆناخی یه‌كه‌م سه‌ركردایه‌تی ده‌كرد.
ئه‌م یارییه بۆ یانه‌ی زێره‌ڤانی یاری تۆڵه‌كردنه‌وه ده‌بێت، به‌وپێیه‌ی له یاری چوون، پێشمه‌رگه شكستی پێهێنا.
له دوایین 6 یاری نێوان ئه‌م دوویانه، زێره‌ڤانی 3 سه‌ركه‌وتنی هه‌یه، پێشمه‌رگه‌ش خاوه‌نی 2 بردنه‌وه‌یه، یارییه‌كیش به‌یه‌كسانبوون كۆتایی هاتووه.
یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر به 13 خاڵ له خانه‌ی دووه‌می كۆمه‌ڵه‌كه‌ی جێگیر بووه و به جیاوازی خاڵێك له یانه‌ی نه‌ورۆزی پێشه‌نگ دووره، یانه‌ی زێره‌ڤانیش كه 8 خاڵی هه‌یه، له ده‌ستپێكی خوله‌كه‌وه تا ئه‌مڕۆ له دوایین خانه‌ی كۆمه‌ڵه‌كه‌ی نه‌جوڵاوه.

گازی باكوور ـ نه‌ورۆز
ئه‌نجامه خراپه‌كانی ئه‌م دوویانه‌یه له قۆناخی دووه‌م، ناڕه‌زایی هانده‌رانی لێكه‌وتۆته‌وه، نه‌ورۆز هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ده‌ستدانی پێشه‌نگی كۆمه‌ڵه‌كه‌ی له‌سه‌ره و ئه‌گه‌ر به ئه‌نجامێكی باش نه‌گه‌رێته‌وه سلێمانی ره‌نگه یانه‌یه‌كی دیكه شوێنی بگرێته‌وه.
عه‌بدوڵڵا مه‌حموودی راهێنه‌ری یانه‌ی گازی باكووریش ته‌نیا به سه‌ركه‌وتن له‌م یارییه ده‌توانێت برینی شكسته‌كه‌ی هه‌فته‌ی رابردووی سارێژ بكات، له ئه‌گه‌ری هه‌ر ئه‌نجامێكی خراپیش ره‌نگه ئه‌وه‌ندی دیكه بۆ خانه‌كانی خواره‌وه بخزێت.