ھاووڵاتییەكی كورد: ترەمپ ژیانی منی وێرانكرد

چیرۆكی ئەو خێزانە كوردە ببینە كە بە ھۆی بڕیارەكەی ترەمپ ھەموو شتێكیان لەدەستداوە

K24- ھەولێر

ئەو خێزانە كوردە لە قاھیرەوە گەیشتنە ھەولێر، پاش ئەوەی بەھۆی بڕیارەكەی ترەمپ لە نیوەی رێگەی ئەمریكا گەڕانەوە و نەیانتوانی بچنە ئەمریكا كە منداڵەكانیان لە قوتابخانە دەرھێناوە و سەرپەرشتی خێزنەكەشی دەست لە كارەكەی ھەڵگرتووە.

لە رووداویكی تر پاش ئەوەی بۆ ماوەی چەندین ساڵ وەك وەرگێر بۆ كۆمپانیایەكی ئەمنی ئەمریكا لە عێراق كاری كردبوو، لەبیب عەلی ڤیزای ئەمریكای وەرگرت و تەواوی شتەكانی فرۆشت و ویستی بۆ ئەمریكا بچێت.

بەڵام لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی قەتەر رێگەی پێ نەدرا سواری ئەو فڕۆكەیە ببێت كە بۆ تێكساس دەچوو.

 بە پێی ھەواڵێكی واشنتۆن پۆست، لەبیب عەلی بە ھاواركردن بەسەر كارمەندەكانی فڕۆكەخانە توڕەبوونی خۆی بەسەریانەوە بەتاڵ دەكات و پێیان دەڵێت "من ڤیزای ئەمریكام ھەیە". دواتر پەشیمانی خۆیشی پیشان دەدات لەوەی كە تەواوی شتەكانی لە عێراق فرۆشتووە".

لەمبارەوە دەڵێت: " ئەوان خەونەكانی منیان كوشت، لە دوا خولەكدا ھەموو شتێكی لێیان وەرگرتم".

سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ رۆژی ھەینی رابردوو 27 كانوونی دووەم بۆ ماوەی سێ مانگ (90 رۆژ) پێدانی ڤیزە و رێگەپێدان بە ھاتنی ھاووڵاتیانی ھەر یەك لە سوریا، ئێران، عێراق، لیبیا، سۆماڵ، سودان و یەمەن ھەڵپەسارد.

ھەروەھا بۆ ماوەی چوار مانگیش (120 رۆژ) وەرگرتنی كۆچبەرانی ئەو 7 وڵاتە ھەڵپەسارد، تا ئەوكاتەی یاسایەكی گشتگیر دەردەچێت.

ھەر پاش جیبەجێكردنی ئەم بڕیارە، ھەواڵی راگرتنی دەیان كەس لە ھاووڵاتیانی ئەم وڵاتانە لە فرۆكەخانە نێودەوڵەتییەكان، تەنانەت لە ناوخۆی ئەمریكاش بڵاو بووەوە.

ھەندێكیان وەك لەبیب عەلی ڤیزای تایبەتی كۆچبەرییان وەرگرتووە، كە ئەو لە عێراق و ئەفغانستان كاری وەرگێری بۆ ھێزەكانی ئەمریكا كردووە.

بە ھۆی بڕیارەكەی ترەمپ، ھاووڵاتیانی عێراقی و ئێرانی كە گرین كارتیان ھەیە و لە ئەمریكا دەژین، بەڵام ئەگەر ئێستا لە دەرەوەی ئەمریكا بن، ناتوانن بۆ ئەو وڵاتە بگەڕێنەوە. ھەروەھا ئەو خوێندكارانەشی كە لە زانكۆكانی ئەمریكا قبووڵكراون، رێگەیان پێ نادرێت بچنە ئەو وڵاتە.

سارا عامر ھاووڵاتی عێراقی لە نیویۆرك دەژیت، كچەكەی لەوێ بەجێھێشتووە و بۆ دیداری خزم و كەسوكاری سەردانی عێراقی كردووە، ئەوكاتەی ترەمپ بڕیارەكەی ئیمزا كرد.

سارا كە گرین كارتی ھەیە و ناتوانێت بۆ ماڵەكەی بگەڕێتەوە، دەڵێت: "ئەوان ناتوانن لە شەوێكدا یاساكان بگۆڕن". گوتیشی "یاری بە ژیانی ئەو كەسانە دەكەن".

بریارەكەی ترەمپ سەرلێشێواوی بۆ فڕۆكەخانەكان و ھاوڵاتیانی ئەو حەوت وڵاتە دروست كردووە.

فڕۆكەخانەی قەتەر رایگەیاند تەنیا رێگە بەو كەسانە دەدەن كە گرین كارتی ھەمیشەییان ھەیە، یان ڤیزایەكیان ھەیە، بڕیارەكە نایگرێتەوە.

بەڵام بەرپرسێكی ھێڵی ھەوایی ھۆلەند دەڵێت: "100% رون نییە بڕیارەكە كێ دەگرێتەوە و كێ ناگرێتەوە". رۆژی شەممە رێگە بە گەشتی 7 كەسی نەیدا بەرەو ئەمریكا بچن، بێ ئەوەی رەگەزنامەیان ئاشكرا بكات.

لەگەڵ لەبیب عەلی، رێگە بە دوو ھاووڵاتی سوری نەدرا بچنە ئەمریكا.

لە قاھیرەی پایتەختی میسر رێگە بە 5 ھاووڵاتی كورد و یەمەنییەك نەدرا بەرەی نیویۆرك بچن.

لە فرۆكەخانەكانی ئامستێردامی پایتەختی ھۆلەندا، ئەبوزەبی و قەتەر رێگە بە گەشتیارانی ئێرانی نەدرا بچنە ئەمریكا كە گرین كارتی ھەمیشەییان ھەبوو. ھەروەك ھەژیر رەحمانداد

پرۆفیسۆریكی ئەمریكی-ئێرانی داتابەیسێكی بۆ گەشتیارانی ئێرانی بۆ ئەم مەبەستە دروستكردووە.

خێزانە كوردەكە

رۆژی شەممە فوئاد شەریف و ئەندامانی خێزانەكەی بە مەبەستی چوون بۆ ئەمریكا گەیشتنە فڕۆكەخانی قاھیرە و ڤیزای سالێكی ئەمریكای وەرگرتووە و دەیانەوێت ژیانیكی نوێ لە نەشڤلیلە ئەمریكا دەستپێبكەن.

بەڵام لە فڕۆكەخانی قاھیرە رێگەیان پێ نەدرا بۆ ئەمریكا بچن، پاش ئەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا نووسراوێكی بۆیان نارد، كە ئەو خێزانە ناتوانن بەرەو ئەمریكا گەشت بكەن.

ئەو ھاوڵاتییە كە تەمەنی 51 ساڵە لە گەڵ ئارەزووی 41 ساڵەی ھاوژینی و كوڕە 19 ساڵییەكەی، بونیاد و كچە 17 ساڵییەكەی، یاد و كچێكی تری 10 ساڵی، شاد لە فرۆكەخانەی قاھیرە راگیران و رێگەیان پێ نەدرا بچنە ئەمریكا، كە چەندین ساڵ بۆ ئەنستیتۆیەكی لێكۆلینەوەی USAID لە عێراق كاری كردووە.

شەریف 5 ھەزار دۆلاری بۆ كڕینی تیكێت خەرج كردووە و منداڵەكانی لە قوتابخانە دەرھێناوە و دەست لە كارەكەشی لە كۆمپانیەكەی دابەشكردنی دەرمان ھەڵگرتووە.

ئەو خێزانە  ئەمڕۆ یەكشەممە بۆ ھەولێر گەڕانەوە، پاش ئەوەی شەوێكیان لە فرۆكەخانەی قاھیرە بەسەر برد.

پێش گەڕانەوەشی فوئاد شەریف گوتی: "ترەمپ ژیانی منی وێرانكرد".

دەشڵێت: " ئەو چۆن دەتوانێت ئەوكارە لەگەڵ ئەو خەڵكە بكات كە بۆ یارمەتیدانی ئەمریكا ژیانیان خستە مەترسی".

JS